ئەمڕۆ دووشەممە، 2025/8/25، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی، شیرین یەحیا خەلیل، خەلیل گۆران و کامەران محەممەد ساڵح، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان کرد لە ژمارەیەك بازرگان و پیشەوەری شاری هەولێر لە سێکتەری جیاواز.
لە کۆبوونەوەیەك دا، کە هەریەك لە بەڕێوبەری گشتی ژوور و بەرپرسی بەشی پەیوەندیەکانی ژوور ئامادەبوون، سەرەتا گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوور، وتاری بەخێرهێنانی پێشکەشکرد، جەختی لە پاڵپشتی و پشتگیری ژوور کردەوە بۆ گشت بازرگانان و پیشەوەرانی شاری هەولێر.
سەرۆکی ژوور رایگەیاند: لەگەڵ ئەوەی کە چەندین کێشە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی، دروست دەکرێت و بازرگانانیش پشکی شێریان بەرکەوتووە لەم کێشانە، بەڵام بەردەوام بوونە لە کاری خۆیان، نەیانهێشتووە رەنگدانەوەی سلبی هەبێت.
لەگەڵ ئەمەش جێگای خۆیەتی کە هەمیشە سوپاسگوزاربین کە خاوەن ئارامی و ئاسایشین، هیوا خوازین ئەم کێشانەش چارەسەر بکرێن.
سەرۆکی ژوور دووپاتی کردەوە کە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر هەمیشە ماڵی هەموو بازرگانان و خاوەنکاران بووە، ئامادەین کێشە و گرفتەکانیان بگەیەنینە لایەنی پەیوەندیدار بە مەبەستی چارەسەر کردنی.
لە کۆبوونەوەکە بازرگانان و خاوەنکارانی ئامادەبوو باسیان لە کێشەو گرفتەکانیان کرد و هیوایان خواست ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، چارەسەر بۆ گرفتەکان ببننەوە.
لە لایەن خۆیەوە سەرۆکی ژوور بەڵێنی دا کە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی گشت کێشەکان بدات و بە گڕوتینێکی زیاترەوە کاری زیاتر بۆ بازرگانان و پیشەوەرانی شاری هەولێر بکەن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکە، لە لایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێرە، سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی بازرگان و خاوەن کۆمپانیا فەهد رەحمەن محەممەد کرا، دەستخۆشی لە رۆڵی ناوبراوی کرد لە ناساندنی کوردستان لە دەرەوەی وڵات (ئەندەنوسیا) و راپەراندنی کارەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە توانای باش.