ئەمڕۆ سێشەممە، 2025/8/12، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی ئیبراهیم محەممەد ئاغا، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان کرد لە حوسامەدین گۆنگۆڕ، بەڕێوبەری بازرگانی دەرەکی ژووری بازرگانی کۆنیا و موژدەت کراچ، پسپۆڕی بازرگانی دەرەکی ژووری بازرگانی کۆنیا.
لە دانیشتنێکدا کە هەریەك لە بەڕێوبەری گشتی و راوێژکاری ژوور، ئامادەبوون، دوای بەخێرهێنان، تیشك خرایە سەر پەیوەندی پتەوی بازرگانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان.
کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور، بەشێوەیەکی گشتی باسی لە کار و چالاکیەکانی ژووری بازرگانی هەولێر کرد، هیوای خواست هاتنی ئەم شاندە ببێتە هۆی بەشداریکردنی کۆمپانیاکانی هەولێر و کۆنیا لە پێشانگای نێودەوڵەتیەکانی یەکتر و ئاڵوگۆڕی شاندە بازرگانیەکانی هەردوولا.
جێگری سەرۆکی ژوور باسی لە پتەوی پەیوەندی بازرگانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانی کرد، وتی؛ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی تورکیا جێ ی دەستیان لە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی شاری هەولێر و هەرێمی کوردستان دیارە.
حوسامەدین گۆنگۆڕ، بەڕێوبەری بازرگانی دەرەکی ژووری بازرگانی کۆنیا، سوپاسی ئەم پێشوازیە گەرمەی کرد، رایگەیاند؛ دوای ژووری بازرگانی ئەستەنبۆڵ، ژووری بازرگانی کۆنیا، دووەم کۆنترین ژووری تورکیایە، کۆنیا، نزیکەی 100 ناوچەی پیشەسازی هەیە، زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە لەگەڵ عێراق، وتیشی، ئێمە چاومان لە زیاتر کردنی ئەم قەبارەیە.
وتیشی؛ یەکەم سەردانی فەرمی ژووری بازرگانی کۆنیایە بۆ ژووری بازرگانی هەولێر و هەوڵی دروستکردنی پەیوەندیەکی پتەو دەدەین لەگەڵ ئەم ژوورە، بەڕێوبەری بازرگانی دەرەکی ژووری بازرگانی کۆنیا ئەوەشی خستەروو، لە سەرەتای مانگی داهاتوو بە 24 کۆمپانیای تایبەتمەند بە سێکتەری بنیاتنان، سەردانی شاری هەولێر دەکەین بۆ ئەنجامدانی دیدارێکی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی شاری هەولێر، هیوادارین ژووری بازرگانی هەولێر پاڵپشت و هەماهەنگمان بیت بۆ رێکخستنی ئەم دیدارە.
ئامادەبووان لە ژوور، پاڵپشتی ژووری بازرگانی بۆیان دووپاتکردەوە، ئەوەشیان خستەروو، کە هاوکار بن لە هێنانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی سێکتەرەکانی تریش بەتایبەت کەرتی کشتوکاڵی بۆ هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر.