ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 2025/8/12، بە ئامادەبوونی کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حکومی و حزبی و نوێنەرایەتی وڵاتان و ژوورە بازرگانیەکان لە شاری هەولێر، لە رێوڕەسمێکدا لە هۆتێل دیڤان لە شاری هەولێر، خاتوو گوێندۆلین ''وێندی'' گرین کونسوڵی گشتیی داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە شاری هەولێر دەستبەكاربوو لە هەمان کات دا دیدارێك بۆ ماڵئاوایی کونسوڵی گشتیی کۆنی ئەمریکا ستیڤن بیتنەر رێکخرا.
کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور، پیرۆزبایی لە کونسوڵی نوێ کرد و هیوای خواست هاوکار و هەماهەنگ بێت لە پێشخستن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیە بازرگانی و ئابووریەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان هەروەها دەستخۆشی لە کار و چالاکیەکانی کونسوڵی کۆن کرد کە لە ماوەی ئەرکی وەکو کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە شاری هەولێر، رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە پێشخستنی پەیوەندی بازرگانی و ئابووری نێوان هەردوولا، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتووی.