×

مانگی داهاتوو، شاندێکی بازرگانی و کۆمپانیاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەردانی شاری هەولێر دەکەن

ئەمڕۆ سێشەممە، 2025/8/5، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان کرد لە بینی لی، سەرۆکی نوێ ی یەکەی ئابووری لە کونسوڵگەری گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لە دانیشتنێکدا کە هەریەك لە ئەمینداری گشتی یەکێتی ژوورەکان، بەڕێوبەری گشتی ژوور و راوێژکاری ژوور ئامادەبوون، پیرۆزباییان لە سەرۆکی یەکەی ئابووری کونسوڵخانە کرد، بە بۆنەی وەرگرتنی ئەم ئەرکە، هەماهەنگی و پاڵپشتی ژووریان بۆ دووپات کردەوە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست.
کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور، هیوای خواست پەیوەندی و ئاڵوگۆڕە بازرگانیەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان زیاتر بێت، هەوڵ بدات هاوکار بێت لە هێنانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەری زیاتری ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان بکەن، هەروەها بە هەماهەنگی هەردوولا کار بکرێت بۆ بەشداری کۆمپانیا و بازرگانان لە پێشانگا نێودەوڵەتیەکانی یەکتر.
هەر لەم دانیشتنە لە لایەن ئامادەبووانی ژوورەوە، داوای هاوکاری و ئاسانکاری کردن بۆ بازرگانان، خاوەنکاران و پیشەسازانی هەرێمی کوردستان بکرێت لە کاتی سەردانی کردنی ئەو وڵاتە.
بینی لی، سەرۆکی یەکەی ئابووری کونسوڵگەری گشتی ئەمریکا، سوپاسی ئەم پێشوازیەی کرد، رایگەیاند، هەوڵ دەدات بۆ باشترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا، لەم بارەیەوە، لە مانگی داهاتوو شاندێکی بازرگانی و کۆمپانیاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەردانی شاری هەولێر دەکەن، وەکو سەنتەرێکی ئابووری و بازرگانی لە عێراق.
لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر هەلی وەبەرهێنان لە گشت سێکتەرەکان لە هەرێمی کوردستان و ئەو بەرهەمانەی لە کوردستان بەرهەم دەهێنرێن و هەناردەی دەرەوە دەکرێت.

بابەتێکی پەیوەندیدار