×

ژوور پێشوازی لە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی بیناسازی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات

ەمڕۆ یەکشەممە، 2025/8/3، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، بە ئامادەبوونی، ئیبراهیم محەممەد ئاغا و رەشید مستەفا میرخان، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و د. سەڵاحەددین ئەحمەد، راوێژکاری ژوور، پێشوازیان کرد لە خاوەن و نوێنەرانی ژمارەیەك لە کۆمپانیا، کارگە و وەبەرهێنەرانی سێکتەری بیناسازی کۆماری ئیسلامی ئێران.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە وڵات هەرکی، بەرپرسی بەشی ئابووری لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران ئامادەبوو، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور، وتاری بەخێرهێنانی پێشکەشکرد.
لە وتەکەیدا، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی ئەم شاندە نیشاندا، باسی لە چالاکی و کاری کۆمپانیا ئێرانیەکان کرد لە شاری هەولێر، وتی؛ 395 کۆمپانیای ئێرانی لە سێکتەری جیاواز لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، لەو ژمارەیە 200 کۆمپانیا لە شاری هەولێرن، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و کوردستان ساڵانە 4 ملیار دۆلارە.
جێگری سەرۆکی ژوور، داوای لە شاندی میوان کرد، وەبەرهێنان بکەن لە شاری هەولێر و لقی کۆمپانیاکانیان بکەنەوە، ژووریش پاڵپشت و هەماهەنگتان دەبێت.
دوای خۆ ناساندن و باسکردنی کار و چالاکی کۆمپانیاکانیان، سەرۆکی شاندی میوان، رایگەیاند؛ ئەوان هاتوون بۆ وەبەرهێنان کردن لە سێکتەری بیناسازی و زیاتر ئاوەدانکردنەوەی شاری هەولێر. وتیشی؛ هەوڵدەدەن ئەزمونەکانیان بگوازنەوە بۆ هەرێم و جگە لە وەبەرهێنان و کردنەوەی لقی کۆمپانیاکانیان، کارگەش دابمەزرێنن لەم سێکتەرە.

بابەتێکی پەیوەندیدار