ئەمڕۆ دووشەممە، 2025/4/21، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی حاجی ئیسماعیل سورچی و کامەران محەممەد ساڵح، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان کرد لە کازم شەمەری و د. بڕیار رەشید، ئەندامانی لێژنەی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
لە دانیشتنێکدا کە هەریەك لە ئەمینداری گشتی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ژووری بازرگانی هەولێر ئامادەبوون، دوای بەخێرهێنان، شاندی میوان ستایشی رۆڵ و چالاکیەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریان کرد، بە یەکێك لە ژوورە بازرگانیە کاریگەریەکان لە پێشخستن و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەسفیان کرد.
لەم دانیشتنە، باس لە پەرەپێدانی زیاتری کەرتەکانی بازرگانی و پیشەسازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، هەروەها جەختیان لە لابردنی سەرجەم ئەو کۆسپانە کردەوە کە دەبنە رێگر لە گەشەسەندنی ئەم کەرتانە.
هەر لەم دانیشتنە، ئامادەبووانی ژوور، کێشە و گرفتەکانی بەردەم پیشەسازکاران و خاوەن کارگەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ میوانان باس کرد، لە رێگری کردن لە گواستنەوە و ناردنی کاڵا و بەرهەمی خاوەن کارگەکان و بازرگانان بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، هەروەها کێشەی یاسایی لە نیشانەی بازرگانی لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، هیوایان خواست هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە.
تەوەرێکی تری ئەم دانیشتنە گفتوگۆ کردن بوو لەسەر سوودمەندبوونی پیشەسازکاران و خاوەن کارگەکانی هەرێمی کوردستان لە پاڵپشتیەکانی حکومەتی فیدڕاڵ، هاوشێوەی شارەکانی تری عێراق.