ئەمڕۆ چوارشەممە، 2025/4/16، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، پێشوازیان کرد لە شاندێکی ئەنجومەنی هەناردەکارانی وڵاتی تورکیا کە بەرپرسی بەشی بازرگانی و ئابووری کونسوڵخانەی گشتی تورکیا لە هەولێر یاوەری دەکردن.
ئامانج لە سەردانی شاندی میوان بۆ ژوور، یەکترناسین و پێشەکیەك بوو بۆ ئامادەکاری کردن سەبارەت بە رێکخستنی ئەو دیدار و کۆڕبەندە بازرگانیەی کە بڕیار وایە لە کۆتایی مانگی داهاتوو لە شاری هەولێر لە نێوان کۆمپانیاکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی یەکێتی هەناردەکارانی تورکیا سازبکرێت.
لەم سەردانە لە لایەن شاندی میوان داوەتنامەیان پێشکەش بە ژوور کرد بۆ ئامادەبوون لەم دیدارە هەروەها ئامادەبوون لە دیدارێکی بازرگانی گەورە لە تورکیا.
لە لایەن خۆیانەوە جێگرانی سەرۆکی ژوور، سوپاسی شاندی میوانیان کرد بۆ ئەم داوەتە، ئامادەیی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریان بۆ دووپات کردنەوە بۆ هەموو پاڵپشتی و هەماهەنگیەك.
هەر لەم دانیشتنە پەیوەندیە بازرگانیەکان لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی زیاتری ئەم پەیوەندیە و کارئاسانی بۆ بازرگانانی هەردوولا گفتوگۆی لەسەر کرا.