×

کار بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیە بازرگانی و ئابووریەکانی نێوان یۆنان و هەرێمی کوردستان دەکرێت

ئەمڕۆ سێشەممە، 2025/4/15، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی و بەڕێوبەری گشتی ژوور، پێشوازیان کرد لە جۆرجیۆس ئەلمانۆس، باڵیۆزی یۆنان لە عێراق و نیکۆڵۆس ستێرگیۆلاس، کونسوڵی گشتی یۆنان لە هەولێر.
دوای بەخێرهێنان، لە دانیشتنێکدا گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێکی تایبەت بە بەهێزترکردن و پتەوکردنی پەیوەندیە بازرگانی و ئابووریەکانی نێوان یۆنان و هەرێمی کوردستان کرا.
کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی حکومەتی یۆنان کرد، بۆ هاوکاری و هەماهەنگیەکانی کە لە ماوەی رابردوو پێشکەشی هەرێمی کوردستانی کردووە، وتی؛ ئامانجی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر گرنگی دانە بە پەرەپێدانی پەیوەندیە بازرگانی و ئابووریەکان لەگەڵ گشت وڵاتان، وڵاتی یۆنانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی لە زۆر سێکتەر پێشکەوتووە بەتایبەت سێکتەرەکانی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و بنیاتنان، هیوای خواست کە بە هەماهەنگی هەردوولا کار بۆ بەهێزکردنی ئەو سێکتەرانە بکرێت لە نێوان یۆنان و هەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆکی ژوور رایگەیاند؛ بەهۆی هەبوونی پەیوەندی راستەوخۆ و هەماهەنگی باش و تێکەڵ بوون لە نێوان هەردوولا، داوا دەکەین هاوکار بن لە هاندانی وەبەرهێنەرانی یۆنان بۆ هەرێمی کوردستان و بەشداربوون لە وەبەرهێنان و بوژانەوەی زیاتری ژێرخانی ئابووریەکەی.
کامەران سەڵاح باجگر، هیوای خواست، کۆمپانیا یۆنانیەکان بە گڕو تینێکی زیاتر بەشداربن لە پێشانگا نێودەوڵەتیەکانی هەولێر بە ئامانجی نمایشکردنی بەرهەمەکانیان و ئاشنابوونی هاوڵاتیانمان بە بەرهەمەکانیان، هەروەها داوای لە باڵیۆز کرد کە ئاسانکاری زیاتر بکەن بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەرانی کوردستان لە کاتی گەشتکردنیان بۆ وڵاتی یۆنان.
جۆرجیۆس ئەلمانۆس، باڵیۆزی یۆنان لە عێراق، سوپاسی ژوور کرد بۆ ئەم پێشوازیە و خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە نیشاندا، وتی؛ یۆنان و هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا پەیوەندیەکی بەهێز و پتەویان هەیە، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر کرد، کە هەمیشە بەردەوام بووە لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیەکان.
باڵیۆز رایگەیاند؛ ئێمە کار بۆ بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندیە ئابووری و بازرگانیەکانی نێوان یۆنان و هەرێمی کوردستان دەکەین، بەردەوام هانی وەبەرهێنەرانمان دەدەین بۆ وەبەرهێنان کردن لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و بنیاتنان لە هەرێمی کوردستان، وتیشی؛ بە کردنەوەی هێڵی ئاسمانی راستەوخۆ، پەیوەندیە بازرگانیەکانیش دەچنە قۆناغێکی بەهێزترەوە.
باڵیۆز ئەوەشی خستەروو کە وڵاتی یۆنان جگە لەم سێکتەرانەی کە ئاماژەی پێکرد، لە سێکتەری بەرهەمهێنانی هەندێ جۆری خۆراکیش لە ئاستێکی بەرز دان و دەتوانن بەرهەمەکان هەناردەی هەرێمی کوردستان بکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان لە ژوور، کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ میوانان خستەروو کە بریتی یە لە هەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابووری، بوژانەوە و پەرەپێدانی گشت سێکتەرەکان، هیوایان خواست وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکانی وڵاتی یۆنان هاوکاریان بێت.
هەر لەم کۆبوونەوەیە، گفتوگۆ لەسەر ئەنجامدانی دیدارێکی بازرگانی لە نێوان کۆمپانیا و بازرگانانی یۆنان و هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر کرا، کونسوڵخانەی یۆنان و ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر هەماهەنگی دەکەن بۆ رێکخستنی ئەم دیدارە لە داهاتوویەکی نزیکدا.

بابەتێکی پەیوەندیدار