دوای رێوڕەسمی واژووکردنی دامەزراندنی ئەنجومەنی کاری هیندستان - کوردستان، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر پێشوازی کرد لە سەرۆکی ئەنجومەنی پێشخستنی بازرگانی هیندستان و ژمارەیەك لە بازرگانانی ئەو وڵاتە.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 2025/4/9، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و بەڕێوبەری گشتی ژوور، پێشوازیان کرد لە موهیت سینگڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی پێشخستنی بازرگانی هیندستان، دابان عەبدولحەمید، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەك لە بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکانی وڵاتی هیندستان لە سێکتەری جیاواز.
لە دیدارێکدا، کە ژمارەیەك لە بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور، وتاری بەخێرهێنانی پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا، تیشکی خستە سەر بەهێزترکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان هیندستان و هەرێمی کوردستان، رایگەیاند لە کۆتایی ساڵی 2024 یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و ئەنجومەنی پێشخستنی بازرگانی هیندستان واژووکرا، ئەمەش رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە زیاترکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانیەکان و ئێمەش وەکو ژوور هەموو کات پاڵپشت و هاوکاری ئەم پەیوەندیانەین.
کامەران سەڵاح باجگر، وتی؛ هەرێمی کوردستان بازاڕێکی ئومێد بەخشی هەیە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیەکانیش سەلمێنەری ئەم راستیەن بە جۆرێك، 2,652,000 دوو ملیار و شەش سەد و پەنجا و دوو ملیۆن دۆلاری هەناردەی وڵاتی هیندستان بووە بۆ عێراق کە خۆی لە کوتاڵ، کاشی، کەلوپەلی خۆراك و دەرمانسازی دەبینێتەوە، 30% ئەم قەبارەیەش بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت، 24,348,000 بیست و چوار ملیار و سێ سەد و چل و هەشت ملیۆن دۆلار، هەناردەی وڵاتی عێراق بووە بۆ وڵاتی هیندستان لە بابەتەکانی نەوت و خورما.
جێگری سەرۆکی ژوور هیوای خواست لە داهاتوودا قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان هەردوولا فراوانتر بێت.
موهیت سینگڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی پێشخستنی بازرگانی هیندستان، وتی؛ لە ئێستادا بازرگانان و کۆمپانیاکانی هیندستان زیاتر چاویان لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستانە، لە داهاتوودا بەرهەمی زیاتر و لە گشت سێکتەران هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکەین.
وتیشی؛ بەرهەمەکانی وڵاتی هیندستان دەتوانن کێبڕکێ ی بەرهەمی وڵاتانی تر بکەن و لەگەڵ هاوکارانمان لە کوردەکان هەماهەنگی زیاتر دەکەین.
دوای پێشکەشکردنی وتارەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا ئامانجی سەردانەکە بۆ میدیاکاران خرایەروو.
دواتر دیداری بازرگانی لە نێوان کۆمپانیا و بازرگانانی ئامادەبووی نێوان هەردوولا بەڕێوەچوو.