ئەمڕۆ دووشەممە، 2025/4/7، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و ژمارەیەك لە کۆمپانیای خۆماڵی لە سێکتەری سۆلار، پێشوازیان کرد لە شاندێکی کۆمپانیای SOLTECHـى بەلجیکی لە سێکتەری بەرهەمهێنانی پەنێلی سۆلار و وەبەرهێنان لەم بوارەدا بە سەرۆکایەتی عائیشە سنرلی ئۆغڵو، سەرۆکی کۆمپانیای ناوبراو.
لە دیدارێکدا، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور، وتەی بەخێرهێنانی پێشکەشکرد، هیوای خواست ئەم سەردانەی کۆمپانیای ناوبراو بەرهەمدار بێت و ببێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندیەکی بەهێز، هەروەها سوپاسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە هاوکار بووە لە سەردانیکردنی ئەم شاندە.
جێگری سەرۆکی ژوور وتی؛ ئالوڵوگۆڕی زانیاری و کاری هاوبەش کاریگەری زۆر باشی دەبێت لە بوژانەوە و پەرەپێدانی سێکتەری وزەی خاوێن لە هەرێمی کوردستان، کە لە ئێستادا بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا سوود وەرگرتن لە هۆیەکانی بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن بووەتە کارێکی ئیجباری.
کامەران سەڵاح باجگر وتیشی، ئێمەش وەکو ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، هانی کۆمپانیا خۆماڵیەکان دەدەین کار لەگەڵ کۆمپانیای میوان بکەن و سوود لە ئەزموون و بەرهەمەکانیان وەربگرن.
لەم دیدارەدا عائیشە سنرلی ئۆغڵو، سەرۆکی کۆمپانیای SOLTECH، خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە نیشاندا و سوپاسی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێری کرد بۆ ئەم پێشوازیە گەرمە و رێکخستنی ئەم دیدارە، وتی؛ ئێمە رێکەوتنمان لەگەڵ عێراق کردووە و کە لە داهاتوودا پشت بە وزەی خۆر ببەستن، ئەم دیدارەش وەکو سەرەتایەکە بۆ پەیوەندی بەستن لەگەڵ کۆمپانیا کوردیەکان.
وتیشی؛ بەرهەمەکانمان زۆر پێشکەوتووە و بە کولێتی بەرزەوە بەرهەمهێنراون دەتوانین لە رووپۆشی باڵاخانەکان بەکاربهێنین بە جۆرێك 30% وزەی باڵاخانەکان سوود لە وزەی خۆر وەربگرن.
پاشان، لە لایەن شاندی کۆمپانیای SOLTECH، پرێزنتەیشنێك دەربارەی کار و چالاکیەکان و چۆنیەتی رووپۆشکردنی باڵاخانەکان و بەرهەمهێنانی پەنێلەکانی وزەی خۆر و تواناکانیان بۆ ئامادەبووان نمایشکرا.
دواتر کۆبوونەوەی B2B لە نێوان بازرگانان و خاوەن کۆمپانیا خۆماڵیەکان و کۆمپانیای میوان بەڕێوەچوو.