×

تایلاند، لە کەرتی تەندروستی دێتە ناو بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان

ەمڕۆ چوارشەممە، 2025/2/26، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی حاجی ئیسماعیل سورچی و سالار سەڵاح خۆشناو، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان کرد لە ئەدیساك جانتاتوم، جێگری باڵیۆزی وڵاتی تایلاند لە ئوردن و عێراق و شاندی یاوەری.
لە دانیشتنێکدا، ئەدیساك جانتاتوم، جێگری باڵیۆزی تایلاند، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان و ژووری بازرگانی، ستایشی پێشکەوتنەکان و ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستانی کرد، وتی؛ لە ماوەی رابردوو بە شاندێکی بازرگانان و کۆمپانیاکانی تایلاند سەردانی شاری هەولێر و هەرێمی کوردستانمان کرد، سەردانێکی زۆر سەرکەوتوو بوو، بەشێوەیەك لە کاتی گەڕانەوەی ئەم شاندە بۆ تایلاند، زۆر بە ئەرێنی باسیان لە سەردانەکە کردو سەرسام بوون لە ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، هاوکات لە دەزگا راگەیاندنەکانیش باس لەم سەردانە کرا و بووە هاندەرێك بۆ کۆمەڵگای بازرگانان و خاوەنکارانی وڵاتەکەمان.
جێگری باڵیۆزی تایلاند وتی؛ ئێمە هاتووین زیاتر پەیوەندیەکان بەهێزبکەین و هەماهەنگی لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر دروست بکەین، بۆ ئەم مەبەستەش داوەتنامەیەکی پێشکەش بە ژوور کرد بۆ سەردانی کردنی وڵاتی تایلاند و بەشداریکردن لە پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ خواردن و خواردنەوە و تەکنەلۆژیا، کە یەکێکە لە پێشانگا هەرە گەورەکانی کیشوەری ئاسیا، هەروەها وتیشی، لە میانی سەردانەکەتان چەندین دیداری بازرگانی رێکدەخەین.
ئەدیساك ئەوەشی خستەروو، کە بازرگانان و کۆمپانیاکانی تایلاند بۆ جاری یەکەم لە کەرتی تەندروستی بەشدار دەبن لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە کاڵای کوالێتی بەرز.
لە لایەن خۆیەوە، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور، دوای بەخێرهێنان، سوپاسی هەوڵەکانی کرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان هەردوولا، رایگەیاند؛ کە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئارامی و سەقامگیری و بوونی دەرفەتی کارکردن لە گشت سێکتەرەکان بووەتە جێگای سەرنج راکێشانی وڵاتان و هیوای خواست بازرگانان و کۆمپانیاکانی وڵاتی تایلاندیش بتوانن سوود لە دەرفەتەکان وەربگرن.
جێگری سەرۆکی ژوور وتی؛ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی شاندە بازرگانیەکان لە نێوان هەردوولا دەبێتە هۆی سوود وەرگرتن لە ئەزموون و بەهێزترکردنی کەرتی ئابووری.
هەر لەم دانیشتنە ئامادەبووانی ژوور هیوایان خواست ئەوان لە رێگای باڵیۆزخانەوە بتوانن ئاسانکاری بۆ بازرگانان و خاوەن کۆمپانیا و خاوەنکارانی هەرێمی کوردستان بکەن بە تایبەت لە پێدانی ڤیزا.
جێگری باڵیۆزی تایلاند لە وەڵامی داواکاری ژوور دەربارەی پێدانی ڤیزا وتی؛ لە سەرەتای ئەمساڵەوە داواکاری پێشکەشکردنی ڤیزامان کردۆتە ئەلیکترۆنی، بە دڵنیاییەوە ئاسانکاری تەواو بۆ بازرگانان و خاوەنکارانی هەرێمی کوردستان دەکەین بە تایبەت ئەوانەی کە بە نووسراوی پشتگیری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر داواکاریەکانیان پێشکەش دەکەن، هەوڵ دەدەین لە ماوەیەکی زۆر کورت و بە پێدانی ڤیزای ماوە درێژ، بە شێوەی ئیمەیڵ ڤیزاکەی بۆ دەنێرینەوە.

بابەتێکی پەیوەندیدار