×

250 ملیۆن دۆلار، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئەرمینیایە

ئەمڕۆ سێشەممە، 2025/3/4، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی لاوەند مەموندی و ئیبراهیم محەممەد گەردی، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان کرد لە رافایل ڤسیسیان، هەڵسوڕێنەری نوێ ی کاروباری کونسوڵخانەی گشتیی ئەرمینیا لە شاری هەولێر.
لە دیدارێکدا، پێشخستنی زیاتری پەیوەندیە بازرگانی و ئابووریەکانی نێوان وڵاتی ئەرمینیا و هەرێمی کوردستان دووپاتی لەسەر کرایەوە.
کونسوڵی نوێ ی ئەرمینیا، تیشکی خستە سەر پەیوەندی بازرگانی نێوان ئەرمینا و هەرێمی کوردستان، رایگەیاند؛ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئەرمینیا لە ساڵی 2024، 250 مليۆن دۆلار بووە، زیاتر 90% ئەم رێژەیە بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت.
کونسوڵ وتیشی؛ ئێمە کار لەسەر بەرزکردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەین، وتی؛ هەموو ئاسانکاریەك بۆ بازرگانان و خاوەنکارانی ئەندام لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر دەکەین بۆ گەشتکردنیان بۆ وڵاتی ئەرمینا بە مەبەستی کاری بازرگانی.
لە لایەن خۆیەوە، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور، پیرۆزبایی لە کونسوڵی نوێ کرد، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هیوای خواست لە ماوەی دەستبەکاربوونی پەیوەندیە بازرگانی و ئابووریەکانی نێوان ئەرمینیا و هەرێمی کوردستان پەرەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
جێگری سەرۆکی ژوور وتی؛ ئێمە وەکو ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، ئامادەین بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگیەك و رێکخستنی دیداری بازرگانی، بۆ کۆمپانیا و خاوەنکارانی ئەرمینیا، کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
هەر لەم دیدارە تیشك خرایە سەر بەشداری کردنی شاندە بازرگانیەکان لە پێشانگا نێودەوڵەتیەکان و بۆنە ئابووریەکانی هەردوولا، هەروەها بەشێکی ئەم دیدارە تایبەت بوو بە گفتوگۆ کردن لەسەر پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار و بەردەوام بوونی هێڵی راستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان هەردوولا لە هەر چوار وەرزی ساڵ دا.

بابەتێکی پەیوەندیدار