×

لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر دیدارێکی بازرگانی لەنێوان بازرگانان و کۆمپانیاکانی شاری هەولێر و کەلکیتی گومشهانێ ی تورکیا سازکرا

ئەمڕۆ چوارشەممە، 2025/2/26، بە ئامادەبوونی شیرین یەحیا خەلیل، فەیسەڵ محەممەد گەردی، ئیبراهیم محەممەد گەردی و رەشید مستەفا میرخان، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، پێشوازیان کرد لە شاندێکی ژووری بازرگانی و بازرگانان و کۆمپانیاکانی شاری کەلکیتی گومشهانێ ی تورکیا، لە سێکتەری جیاواز.
مستەفا سەروەت، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کەلکیت و بەرپرسانی بەشی ئابووری کونسوڵخانەی گشتی تورکیا لە هەولێر و جیهان جانلی، سەرۆکی کۆمەڵەی بازرگانی MUSIAD، یاوەری شاندی میوان بوون، دیدارێك بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکانی شاری هەولێر لە سێکتەری جیاواز و هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕەنگران سازکرا.
لە سەرەتای دیدارەکەدا شیرین یەحیا خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور دوای بەخێرهێنان، خۆشحاڵی خۆی بە هاتنی ئەو شاندە نیشاندا هیوای زیاتر چالاکترکردنی پرۆسەی بازرگانی نێوان هەردوولای خواست.
شیرین یەحیا خەلیل، وتی؛ نکۆڵی لەوە ناکرێت کە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی ئابووری بەرچاوی هەیە چ وەك بازاڕەکی سەرەکی بۆ کاڵاکانی تورکیا یانیش وەك دەروازەیەك بۆ ناردنی کاڵاکانی تورکیا بۆ بەشەکانی تری عێراق، سەرەڕای پەیوەندی دێرین لە نێوان هەردوولا.
ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور لە وتەکەیدا باسی لە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا کرد، وتی؛ 17 ملیار دۆلار قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوانیان بووە و چارەکی ئەو رێژەیەش بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت.
وتیشی؛ بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و هۆکارەکانی بە یەکتر گەیشتن شوێنە دوورەکان بۆ بازرگانان نزیك بۆتەوە، بۆیە ئارەزوومانە بازرگانانی تورکیای دۆست ئەم خاڵە لەبەر چاو بگرن و زیاتر ئاسانکاری بۆ بازرگانانی کوردستان فەراهەم بکەن بۆ ئەوەی قازانج بە بازرگانانی هەردوولا بگات.
شاندی میوان سوپاسی ئەم پێشوازیە گەرمەیان کرد، خۆشحاڵی خۆیان بەم سەردانە نیشاندا، جەختیان لە پەرەپێدانی زیاتری ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا کردەوە، هەموو ئاسانکاری و هەماهەنگیەکیان نیشاندا بۆ بازرگانان و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان.
مستەفا سەروەت، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کەلکیت وتی؛ ئێمە یەکەم جارە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئامانجمان ناساندنی کاڵا و بەرهەمەکانمانە لە هەرێمی کوردستان، هاتوین بەشداربین لە بازاڕەکان و پەیوەندیەکان پتەو بکەین.
دواتر دیداری B2B لە نێوان بازرگانان و کۆمپانیا ئامادەبووەکانی هەردوولا بەڕێوەچوو.

بابەتێکی پەیوەندیدار