ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2025/2/6، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان کرد لە بەڕێوبەری پڕۆگرامەکانی دەزگای ئەڵمانی بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی GIZ لە عێراق و شاندی یاوەری.
لە دانیشتنێکدا جێگری سەرۆکی ژوور دوای بەخێرهێنان، سوپاسی کار و چالاکیەکانی دەزگای ناوبراوی کرد، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە ئەو چالاکیانە دەسکەوتی باشی هەبووە لە پێشخستنی کەرتی ئابووری هەرێمی کوردستان، وتیشی؛ لە ماوەی رابردوو ژوور و GIZ هەماهەنگی باشیان هەبووە لە کردنەوەی خولی راهێنان و ئەنجامدانی کۆڕبەند، کامەران سەڵاح باجگر، وتی؛ ئامانجمان هاوکاری کردنی گەنجەکان و بەکارخستنی بیرۆکەکانیانە، وتیشی؛ دەرگای ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر کراوەیە بۆ هەموو هەماهەنگیەك، کە ئامانج لێ ی خزمەت گەیاندن بێت بە کەرتی ئابووری هەرێمی کوردستان.
بەڕێوبەری پڕۆگرامەکانی GIZ، خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە نیشاندا و ستایشی هەماهەنگیەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێری کرد لەگەڵیان، رایگەیاند؛ ئێمە لە ساڵی 2018 لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستبەکارین، دوای تەواوکردنی بەشی یەکەمی بەرنامەکەمان، لە ئێستادا بەشی دووەمی پڕۆگرامەکانمان دەست پێدەکەین، کە خۆی دەبینێتەوە لە رێکخستنی دیدارێك لە نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و لایەنی حکومەت، بۆ قسەکردن لەسەر بابەتێکی بازرگانی و ئابووری هەنووکەیی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی چارەسەرکردنی، هەروەها کۆکردنەوەی ئافرەتانی خاوەنکار و رێکخستنی دیدارێك لەگەڵ ئافرەتانی خاوەن بیرۆکە بە ئامانجی هێنانە پێشەوەی زیاتری ئافرەتان بۆ کاری بازرگانی.