ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2025/2/27، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و کامەران محەممەد ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان کرد لە نەواف کلیچ، سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی نێودەوڵەتی (USIAD) لە تورکیا و شاندی یاوەری کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەك لە خاوەنکار و کۆمپانیای سێکتەری جیاوازی شارەکانی تورکیا.
سەرەتای دیدارەکە، مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگری سەرۆکی ژوور، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی ئەم شاندە بۆ هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر نیشاندا و هیوای گەشتێکی بەرهەمداری بۆ خواستن.
لەم دیدارە وتاری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر لە لایەن کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور پێشکەشکرا، لە وتەکەیدا باسی لە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان وڵاتی تورکیا و هەرێمی کوردستان کرد، کە لە ئاستێکی زۆر باش دایە، هیوای خواست پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
جێگری سەرۆکی ژوور وتی؛ ئێمە وەکو ژووری بازرگانی هەولێر هەمیشە هەوڵمانداوە ئاسانکاری زیاتر بۆ کۆمپانیاکانی وڵاتان بە تایبەت تورکیا بکەین کە لقەکانیان لە شاری هەولێر بکەنەوە، جگە لە بوونی دەرفەتی کار و وەبەرهێنان و ئارامی و سەقامگیری، شاری هەولێر وەکو سەنتەرێکی بازرگانی یە بۆ هەناردەکردنی کاڵاکانیان بۆ گشت شارەکانی تری عێراق.
کامەران سەڵاح باجگر، ئەوەشی خستەروو کە ئێستا سەردەمی کێبڕکێ ی بازرگانیە لەسەر باشی کوالێتی و نرخی گونجاو، هیوادارین بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکانی وڵاتی تورکیا ئەمە لەبەر چاو بگرن.
جێگری سەرۆکی ژوور، ئامادەیی و هاوکاری ژووری نیشاندا بۆیان لە ئاسانکاری کردن و دروستکردنی پەیوەندی بازرگانی لە نێوان بازرگانانی هەردوولا.
نەواف کلیچ، سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی نێودەوڵەتی (USIAD)، سوپاسی کردن بۆ ئەم پێشوازیە گەرمە و سوپاس و پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ هەوڵ و چالاکیەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر لە رۆڵی کاریگەری لە بەهێزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی شاندی میوان باسی لە کار و چالاکیەکانی کۆمەڵەکەی کرد، وتی؛ بە گشتی لەگەڵ 16 پارێزگای عێراق پەیوەندیمان هەیە، بەڵام شاری هەولێر بۆ ئێمە جیاواز و سەرنجڕاکێشترینە و سەرنجمان بۆ کارەکانمام زیاتر لەسەر ئەم شارەیە.
نەواف کلیچ، بە گشتی تیشکی خستەسەر گرنگی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن و وەبەرهێنان، وەکو پردێکی بازرگانی لە نێوان ئاسیا و ئەوروپا وەسفی کرد، هەروەها باسی لە چەند پڕۆژەیەكی گرنگی گەشتیاری کرد کە لە داهاتوویەکی نزیکدا، لە وڵاتی تورکیا جێبەجێ دەکرێت، پێشنیاری چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاریشیان کردووە بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کە لە میانی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان گەڵاڵەیان کردووە.
سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکاران بە فەرمی داوەتنامەیەکی پێشکەش بە ژوور کرد بۆ بەشداریکردن لە پێشانگا و کۆڕبەندێکی ئابووری لە وڵاتی تورکیا لە مانگەکانی نیسان و حوزەیرانی ئەمساڵ.
هەر لەم دیدارە ئامادەبووان لە شاندی میوان دوای ناساندنی کار و چالاکی کۆمپانیاکەیان، ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ کارکردن لەگەڵ بازرگانان و خاوەنکارانی هەرێمی کوردستان لە گشت سێکتەرەکان لە رێگەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێرەوە.