ئەمڕۆ یەکشەممە، 2025/10/26، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی حاجی فەیسەڵ گەردی، کامەران محەممەد ساڵح و رەشید مستەفا میرخان، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان کرد لە موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر و شاندی یاوەری کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەك لە کەسایەتی ئەڵمانی.
دوای بەخێرهێنان، پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر، باسی لێوە کرا، هەردوولا هاوڕابوون لە پتەوکردنی پەیوەندیەکان و پەرەپێدانی زیاتری.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر، دەستخۆشی لە کارو چالاکیەکانی ژوور کرد، هەوڵەکانی بۆ بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر وتی؛ جگە لە کارە خێرخوازیەکان، ئەم شاندە ئەڵمانیە هاوکار و هاوبەشمان بوونە لە زۆرێك لە پڕۆژە خێرخوازیەکان و کردنەوەی چەندین سەنتەر بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان لە گشت شار و قەزا و ناحیەکانی هەرێمی کوردستان.
وتیشی؛ جگە لە پڕۆژە خێرخوازیەکان، ئەم شاندە لە بواری بوژانەوە و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستانیش، هاوکار و هەماهەنگ بوونە.
لەم دانیشتنە لە لایەن شاندی میوان، بە هاوکاری و هەماهەنگی ژوور، پێشنیاری ئەنجامدانی کۆڕبەندێکی ئابووری لە نێوان خاوەنکارانی وڵاتی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان کرا، تایبەت لەو سێکتەرانەی کە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان پێویستیەتی بۆ وەبەرهێنان.
لە لایەن خۆیەوە، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوور، دەستخۆشی ئەم هەنگاوەی لێکردن، پاڵپشتی خۆیی و ژووری نیشاندا بۆ رێکخستن و ئەنجامدانی ئەم کۆڕبەندە، ئامادەیی و هەماهەنگی نیشاندا بۆ ئەنجامدانی کۆڕبەندێکی بەرهەمدار و سەرکەوتوو.