×

کار بۆ پتەوکردنی سێکتەری گەشتوگوزار لە نێوان هەولێر و تڕابزۆن دەکرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 2025/10/5، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی خەلیل گۆران، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان لە شاندێکی خاوەنکار و وەبەرهێنەر و رۆژنامەنووسی شاری تڕابزۆنی تورکیا بە سەرۆکایەتی خالید کنالئۆغلو، خاوەنی دەزگای پشووی بێرنلی لە تڕابزۆن کرد.
دوای بەخێرهێنان، لە دانیشتنێکدا، گفتوگۆ لەسەر گشت ئەو بڕگە و تەوەرانەی کە دەبنە هۆی پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان کرا.
لە دانیشتنەکەدا پرسی کارکردن لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندی لە نێوان هەردوو ژووری بازرگانی هەولێر و تڕابزۆن خرایە بەرباس. هەروەها شاندی میوان ئارەزووی نیشاندا لە رێگەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، لە ساڵی داهاتوو بەشدار بن لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ گەشتوگوزار.
لە لایەن خۆیەوە، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوور، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە بەشداری شاندی میوان لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ گەشتوگوزار، هەروەها ئامادەیی ژووری نیشاندا بۆ هەموو هەماهەنگی و پشتگیریەك بۆ پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ ژووری بازرگانی تڕابزۆن و هەموو کۆمەڵە و یەکێتیە بازرگانیەکانی ئەم شارە، لە پێناو پێشخستنی گشت سێکتەرەکان لە نێوان هەردوولادا.

بابەتێکی پەیوەندیدار