بە ئامادەبوونی، محەممەد شیمشك، وەزیری دارایی، کۆماری تورکیا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، موڕاد ئیڤە، سەرۆك و دامەزرێنەری کۆڕبەندی ئابووری تورکی - عێراقی، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، شیرین یەحیا خەلیل و حاجی فەیسەڵ گەردی، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و ژمارەیەکی بەرچاو لە باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان و سەرۆکی ژوورەکانی بازرگانی وڵاتانی عەرەبی و وەبەرهێنەر و خاوەنکار و بەرپرسانی حکومی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە شاری ئەستەنبۆڵ لە وڵاتی تورکیا، شازدەهەمین کۆڕبەندی ئابووری تورکی - عەرەبی سازکرا.
سەرەتای کۆڕبەندەکە چەندین وتار لە لایەن بەرپرسانی حکومی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی بەشداربوو لەم کۆڕبەندە، پێشکەشکران، لە وتەکان جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندیە ئابووری و بازرگانیەکان و هەماهەنگی زیاتر و وەبەرهێنان لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و تورکیا کرایەوە.
لە میانی بەڕێوەچوونی ئەم کۆڕبەندە، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، وتەیەکی پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا سازدانی ئەم کۆڕبەندەی بە هەلێکی گرنگ وەسفکرد بۆ باشتر کردنی پەیوەندیە بازرگانیەکان و سوودی هاوبەش.
گەیلان حاجی سەعید، وتی؛ وەکو هەرێمی کوردستان پەیوەندیەکی زۆر باشمان هەیە لەگەڵ کۆماری تورکیا لە هەموو سێکتەرەکانی ئابووری بە تایبەت ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەجۆرێك قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق ساڵانە نزیکەی 17 ملیار دۆلارە، بەشی هەرە زۆری ئەم ئاڵوگۆڕە لەرێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلەوەیە لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی ژوور لە وتەکەیدا تیشکی خستە سەر یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کە ئاسانکاریەکی تەواو دەکات بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی، وتیشی، کۆمپانیا و وەبەرهێنەرێکی زۆری بیانی لە ئێستا لە هەرێمی کوردستانن وڵاتی تورکیاش پشکی شێری بەرکەوتووە لە گشت سێکتەرەکان.
لە کۆتایی وتەکەیدا سەرۆکی ژوور هیوای خواست ئاستی ئاڵوگۆڕە بازرگانیەکان و وەبەرهێنان لە نێوان وڵاتی تورکیا و هەرێمی کوردستان زیاتر بێت و داوای لە ئامادەبووانیش کرد کە هەندەربن بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانیان بۆ رووکردنەوە هەرێمی کوردستان.
هەر لەم کۆڕبەندە، بە بەشداری بەرپرسانی حکومی و کەرتی تایبەت، چوار پەنێل سازکران، کە تایبەت بوون بە خستنەرووی کێشەکان و پەرەپێدانی هەماهەنگی ئابووری نێوان تورکیا و وڵاتانی عەرەبی.
شایانی باسە پەنێلێك تایبەت بوو بە تیشك خستنەسەر پەرەپێدانی ئابووری عێراق لە رووی وزە، ژێرخانی ئابووری و بازاڕی دارایی، بە بەشداری سەرۆکی ژوور، تاوتوێ ی چەندین بابەت کرا تایبەت بەم تەوەرە.