سێیەم پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتیکردنی خۆراکی وان و گاسترۆنۆمیا لە شاری وان کرایەوە
ئەمڕۆ پێشنجشەممە، 2025/9/25 لە شاری وان - تورکیا، لە ئەمساڵدا بۆ جاری سێییەم پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتیکردنی خۆراکی وان و گاسترۆنۆمیا بە بەشداری 84 کۆمپانیا لە ژێر دروشمی (81 پارێزگا - 81 تام) کرایەوە.
لەم پێشانگایە شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر کە پێکهاتبوون لە کامەران محەممەد ساڵح و رەشید مستەفا میرخان، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بەشداربوون لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئەم پێشانگایە.
لە میانی رێوڕەسمی کردنەوەی ئەم پێشانگایە، چەندین وتار پێشکەشکران، وتاری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریش لە لایەن، کامەران محەممەد ساڵح، پێشکەشکرا، لە وتەکەیدا؛ شانازی بەم بەشداریکردنە کرد و ئومێدی خواست ڕۆژێك لە هەولێر میوانداری رێکخەران و بەشداربووان بکەن.
کامەران وتی؛ بەشداری کردن لەم پێشانگایە، هەماهەنگی و پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا بەهێز دەکات و قازانجی هەردوو لایەن زۆرتر دەکات. وتیشی؛ پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا زۆر بەهێزن و گرنگییەکی ستراتیژیان هەیە. ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا و وەبەرهێنەری تورکی لە هەرێمی کوردستانن و شاری هەولێریش پشکی شێری بەرکەوتووە لە رێژەی ئەم کۆمپانیایانە. تا ساڵی 2024 کۆی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا 17 ملیار دۆلاربوو. نزیکەی %35-36ی ئەمەش لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە.
دوای کردنەوەی پێشانگاکە، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، سەردانی بەشەکانی پێشانگاکەیان کرد و چەندین دیداریان لەگەڵ کۆمپانیا بەشداربووەکان ئەنجامدا.