ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2025/9/25، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی شیرین یەحیا خەلیل و حاجی فەیسەڵ گەردی، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و شڤان عەبدولرەحمان، ئەمیدناری گشتی یەکێتی ژوورەکان، پێشوازیان لە خاتوو بەیان سامی عەبدولرەحمان، راوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پەیوەندیەکانیان کرد.
دوای بەخێرهێنان، ئامادەبووان لە ژوور خۆشحاڵ بوون بەم سەردانە، لە دانیشتنێکدا گفتوگۆ کرا لەسەر گرنگترین ئەو خاڵانەی کە دەبنە هۆی پێشکەوتنی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.
بە ئامانجی پێشخستنی زیاتری کەرتی ئابووری و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر زیاتر هەماهەنگی لە نێوان کەرتی حکومی و تایبەت کرایەوە، بە تایبەت لە ئەنجامدانی پڕۆژەکان و سەردانی و پێشوازی لە شاندە بازرگانیەکان.
ئامادەبووان لە ژوور داوایان لە خاتوو بەیان کرد، کە هاوکار بێت لە گەیاندنی پەیامەکان لە پێشخستنی ناوچە پیشەسازیەکان، گرنگیدان بە پڕۆژە بچوك و مامناوەندیەکان، هەروەها هیوایان خواست لە دامەزراندنی سەنتەری نێودەنگیری بازرگانی، کە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر نیازی دامەزراندنی هەیە، کە رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە راکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ هەرێم، هاوکار و پاڵپشتیان بێت.
لە لایەن خۆیەوە خاتوو بەیان سامی عەبدولرەحمان، پشتگیری خۆی بۆ داواکاریەکان نیشاندا، ئامادەیی دەربڕی پاش دیراسەکردن، کاری تەواوی لەسەر بکات.