ئەمڕۆ چوارشەممە، 2025/9/24، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و حاجی فەیسەڵ گەردی، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی، پێشوازیان لە دیدیك ئیکۆ بۆجیانتۆ، باڵیۆزی ئەندەنوسیا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.
لە دانیشتنێکدا کە هەریەك لە راوێژکاری ژوور، ئەمینداری گشتی یەکێتی ژوورەکان و بەڕێوبەری گشتی ژوور ئامادەبوون، گفتوگۆ لەسەر هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان ئەندەنوسیا و هەرێمی کوردستان کرا.
هەناردەکردنی کاڵاکانی ئەندەنوسیا بۆ بازاڕەکانی هەرێم بە تایبەت بەرهەم و کەرەستەی کشتوکاڵی و سێکتەرەکانی پیشەسازی بە تایبەت تەکنەلۆژیا و بیناسازی، راکێشانی وەبەرهێنەران و کردنەوەی لقی کۆمپانیا ئەندەنوسیا باسی لێوەکرا.
تەوەرێکی تری ئەم دانیشتنە هەماهەنگی و پەیوەندی دروستکردن لەنێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و ژوورەکانی بازرگانی ئەندەنوسیا بوو، هەروەها هەوڵدان بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەندەنوسیا لە هەولێر کە هۆکارێکی سەرەکیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان هەردوولا.