×

سنە .... لە دووەم ڕۆژی سێەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگا هاوسنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕێککەوتنامەی نێوانیان واژووکرا

ئەمڕۆچوارشەممە 2025/5/21، لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندیە ئابوورى و بازرگانییەکان و بەهێزکردنی زیاتری جموجۆڵی بازرگانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان، دووەمین ڕۆژى سێەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگا هاوسنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، بە ئامادەبوونی شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و پارێزگارانی (دهۆك، سلێمانی، هەڵەبجە) و شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەرۆکایەتی ئارەشی زرێ تەنی لهۆنی، پارێزگاری کوردستان و پارێزگارانی (کرمانشا، ئازربایجانی ڕۆژئاوا)، بەردەوام بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و کونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەکانی هەرێم - ئێران و سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی (سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە) و نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەی بوون، وێڕای ئەوەی تەئکیدیان لە بەرەوپێشبردن و باشترکردن و بەهێزکردنى جوڵەى بازرگانی و ئابووری، ڕێککەوتنی نێوان هەر حەوت پارێزگا، بۆ بەرە و پێشبردنی زیاتری جوڵەى بازرگانى لە دەروازەیی سنوورییەکانى نێوان هەردوولا و چارەسەرکردنی هەر کەم و کوڕی و کێشە و گرفتێك هەبێت واژووکرا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، هەردوولا کۆبوونەوەکەیان بە گرنگ وەسف کردوو و تەئکیدیان لە پتەوکردنی پەیوەندییە گشتییەکان و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە.

بابەتێکی پەیوەندیدار