ئەمڕۆ یەکشەممە، 2025/2/2، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی حاجی ئیسماعیل سورچی، لاوەند مەموندی و سالار سەڵاح خۆشناو، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و عەبدولواحید تەها، بەڕێوبەری بەشی لێکۆڵینەوە و کاروباری رێکخراوەکان لە ژوور، پێشوازیان کرد لە شاندێکی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO)، بە سەرۆکایەتی ئامال بەنی عەواد، بەڕێوبەری پڕۆژە لە رێکخراوی ناوبراو لە عێراق.
دوای بەخێرهێنان، شاندی میوان بە شێوەیەکی گشتی تیشکیان خستەسەر خولێکی راهێنان بە ئامانجی رەخساندنی هەلی کار بۆ لاوان و دەرچووانی تازە لە کەرتی تایبەت، لە پڕۆژەی (فێربوون لە شوێنی کاردا) لە رێگەی بەرنامەیەکی داڕێژراو بە هەماهەنگی نێوان رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، GIZ، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
لە لایەن خۆیەوە، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور، خۆشحاڵی خۆی بە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە نیشاندا، ئامادەیی، پاڵپشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێری نیشاندا بۆ هەموو هەماهەنگیەك.
هەر لەم دانیشتنەدا ئامادەبووانی ژوور، باسیان لەو خول و راهێنانانە کرد کە لە ماوەی رابردوو ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ئەنجامیداوە.