ئەمڕۆ چوارشەممە، 2025/9/17، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، پێشوازی لە کلینت زێنگ، بەڕێوبەری گشتی سەنتەری بازرگانی چین کرد.
لە دانیشتنێکدا تاوتوێ ی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان کرا، هەروەها تیشك خرایە سەر ئەو کاڵا چینیانەی کە لە ئێستادا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەن.
هەر لەم دانیشتنە گفتوگۆ کرا لەسەر ئاسانکاری زیاتر بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە ئاڵوگۆڕی و هاوردەکردنی کاڵا لە چین.
کلینت زێنگ، بەڕێوبەری گشتی سەنتەری بازرگانی چین، رایگەیاند؛ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی وڵاتی چین ئارەزوو دەکەن بەشداربن لە بوژانەوەی هەرێمی کوردستان لە گشت سێکتەرەکان، بۆ ئەم مەبەستە لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندێکی وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
لە لایەن خۆیەوە سەرۆکی ژوور، ئامادەیی و هەماهەنگی ژووری نیشاندا بۆیان، هیوای خواست لە رێگای ئەم سەنتەرەوە بتوانن پەیوەندی لەگەڵ ژوورەکانی بازرگانی چین ببەستن بە ئامانجی پێشخستنی کەرتی ئابووری و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان.