ئەمڕۆ دووشەممە، 2025/9/15، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی شیرین یەحیا خەلیل و کامەران محەممەد ساڵح، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان لە هەریەك لە بوراق ئیسماعیل سەڵاح، فاتیح سەڵاح سەیفەددین و ئەحمەد محەممەد شیرین بەڕێوبەر و کارمەندانی بریکاری سەرەکی بۆیەی بەتکی تورکیان کرد.
لە دانیشتنێکدا شاندی میوان، بانگهێشتی سەرۆك، جێگران و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووریان بۆ سازدانی ئیڤێنتێك بە بۆنەی دابەشکردنی دیاری بە گوێرەی تیروپشك بۆ کڕیارانی کرد.
لە لایەن خۆیەوە گەیلان حاجی سەعید، وێڕای دەستخۆشی، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. سەرۆکی ژوور پێشنیاری بۆ شاندی میوان کرد کە هەوڵ بدەن لقی ئەو کارگەیە لە شاری هەولێر بکەنەوە.
شاندی میوان، خۆشحاڵی خۆیان بەم پێشنیارە دەربڕی و جەختیان لەسەر گرنگی کارکردن لەسەر ئەم بابەتە کردەوە، رایانگەیاند، لە کاتی سازدانی ئەم ئیڤێنتە، بەڕێوبەری جێبەجێکار و بەرپرسانی کارگەکە ئامادە دەبن و پرسی کردنەوەی ئەم کارگەیە لە شاری هەولێر دەوروژێنن.