ئەمڕۆ 31/1/2024 گەیلان حاجی سەعید سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی جێگرانی سەرۆك و بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور پێشوازییان کرد لە کارێل کۆرتانێك کونسوڵی گشتی کۆماری چیك لە شاری هەولێر و شاندی یاوەری.
کارێل کۆرتانێك پیرۆزبایی لە ئەنجومەنی تازە کرد هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن، کونسوڵی گشتی کۆماری چیك وتی: وەکو کونسوڵگەری بەرنامە و چالاکی زۆرباشمان داناوە و ستراتیژی ئێمە بەهێزکردنی پەیوەندیە لە نێوان کۆماری چیك و هەرێمی کوردستان بەتایبەت پەیوەندی بازرگانی.
کونسوڵ رایگەیاند: ساڵانە گەلێك پێشانگای نێودەوڵەتی لە کۆماری چیك دەکرێنەوە، بەتایبەت پێشانگاکانی ئەندازیاری، کشتوکاڵی و گەشتیاری کە گەورەترینن لە ئەوروپای ناوەڕاست، دەمانەوێت بازرگانان و خاوەن کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی کوردستانیش بە هاوکاری ژوور بەشداربن لە پێشانگاکانمان کە ئەمەش دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ بەستنی پەیوەندی بازرگانی.
گەیلان حاجی سەعید سەرۆکی ژوور دوای بەخێرهێنان وتی: بەهۆی فشارە ئابووریەکان لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە دۆخی ئابووری لە ئێستادا باش نیە بەڵام ئێمە دەستەوەستان نابین دەمانەوێت پەیوەندیە بازرگانیەکان فراوانتر بکەین بۆ ئەم مەبەستەش وڵاتی چیك بەهۆی کوالێتی باشی بەرهەمەکانی و نرخی گونجاوی دەمانەوێت سوود لە ئەزموونیان وەربگرین بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی ژوور رایگەیاند: خۆشحاڵین بە پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان بەڵام پێویستە هاوسەنگی رابگرین بۆ ئەم مەبەستە لە رێگەی ئێوەوە داوا دەکەین کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی چیك سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن ئارامی و ئاسایش و کەشی لەباری هەرێم ببینن بۆ ئەوەی بتوانن کارگە دابمەزرێنن و لە هەرێمی کوردستانەوە بتوانن بەرهەمەکانیان بنێرنە بەشەکانی تری عێراق.
گەیلان حاجی سەعید ئەوەشی خستەروو کە بەرنامەی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمەچەشنکردنی ئابووری یە بە تایبەت پەرەپێدانە بە سێکتەرەکانی کشتوکاڵی، پیشەسازی و گەشتیاری ئێمەش ئەو هەوڵە دەدەین لەگەڵ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی کۆماری چیك و هەموو ئاسانکاریەکیان بۆ دەکەین بێن لە هەرێمی کوردستان کاربکەن.
لە کۆتایی دا سەرۆکی ژوور هیوای خواست کونسوڵخانەی گشتی کۆماری چیك هاوکار و هەماهەنگمان بێت لە بەشداریکردنی بازرگانانی هەردوولا لە پێشانگا و بۆنە بازرگانیەکانی یەکتر و هەوڵدان بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان ژووری بازرگانی هەولێر و ژوورە بازرگانی و رێکخراو و کۆمەڵە بازرگانیەکانی کۆماری چیك بە ئامانجی پێشخستنی پەیوەندیە بازرگانیەکان لە نێوان هەردوولا.