×

دیدارێکی بازرگانی لە نێوان کۆمپانیا خۆماڵیەکان و کۆمپانیا تورکیەکان بەڕێوەچوو بە سەرپەرشتی ئەنجومەنی هەناردەکارانی تورکیا، لە هۆتێل دیڤان لە شاری هەولێر، دیدارێکی بازرگانی لە نێوان کۆمپانیا خۆماڵیەکان و کۆمپانیا تورکیەکان بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ سێشەممە، 2025/5/27، بە ئامادەبوونی ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتی کۆماری تورکیا لە هەولێر، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، بیلال کوتوك، سەرۆکی ئەنجومەنی هەناردەکارانی تورکیا، رەسول حاجی عومەر، سەرۆکی کۆمەڵەی هاوردە و ناردنکارانی عێراق - لقی هەولێر و کامەران محەممەد ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و بەرپرسانی بازرگانی لە کونسوڵگەری تورکیا و ژمارەیەك لە بازرگانان و خاوەن کۆمپانیا و خاوەنکارانی تورکیا و هەرێمی کوردستان دیدارێکی بازرگانی سازکرا.
لە دەستپێکی دیدارەکە، بیلال کوتوك، سەرۆکی ئەنجومەنی هەناردەکارانی تورکیا وتەیەکی پێشکەشکرد، سوپاسی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێری کرد بۆ پاڵپشتی و هاوکاریان لە رێکخستنی ئەم دیدارە.
بیلال کوتوك وتی: ئێمە هاتوین بە 21 کۆمپانیا، بۆ گەڕان بە دوای دەرفەتی هاوبەشی بازرگانی و گەشەپێدانی ئابووری و بەستنی پەیوەندی راستەوخۆ، دەتوانین کارە بازرگانیەکان قوڵتر بکەینەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی هەناردەکارانی تورکیا رایگەیاند؛ تێکڕای قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق لە ساڵی 2024, 15 ملیارۆلار بووە، 34% ئەم قەبارەیەش بەر کۆمەڵەی ئەنجومەنی هەناردەکارانی تورکیا کەوتووە.
بیلال کوتوك ئەوەشی خستەروو، کە ئەنجومەنەکەیان 150,000 ئەندامیان هەیە، بەسەر 68 کۆمەڵە و یەکێتی دابەش بوون و لە 27 سێکتەر کار دەکەن.
پاشان ئێرمان تۆپچو، وتەیەکی پێشکەشکرد، رایگەیاند؛ كارە بازرگانیەکانمان لەگەڵ عێراق بەشی هەرە زۆری لە رێگای هەرێمی کوردستانەوەیە، بە بەهای 35 ملیار دۆلاریش کۆمپانیا و بەڵێندەرانی تورکیا بەشدارن لە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری عێراق، بەمەش عێراق یەکەم وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سێ یەم وڵاتە لە جیهان لە رووی هاوبەشی بازرگانی تورکیا.
هەر لەم دیدارە، سەروەر کەمال هاواری بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتەیەکی پێشکەشکرد، وتی؛ تورکیا هاوبەشێکی بازرگانی گرنگی هەرێمی کوردستانە و زۆرترین کۆمپانیای بیانی لە هەرێم، کۆمپانیا تورکیەکانن، کاڵاکانیشیان یەکێکن لە باشترینەکان.
دواتر کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر وتەیەکی پێشکەشکرد، باسی لە پتەوی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیای کرد، رایگەیاند، پەیوەندیەکان لە هەموو روویەکەوە پتەون، 20-25% قەبارەی ئاڵوگۆڕیەکانیش بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت و وڵاتی تورکیاش دەروازەی سەرەکی هاوردەی کاڵاکانە بۆ هەرێمی کوردستان، ئێمەش وەکو ژوور هانی پتەوکردنی پەیوەندیەکان دەدەین.
رەسول حاجی عومەر، سەرۆکی کۆمەڵەی هاوردە و ناردنکارانی عێراق - لقی هەولێر لە وتەکەیدا جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان کردەوە.
دوای پێشکەشکردنی وتەکان، دیداری B2B لە نێوان کۆمپانیا بەشداربووە تورکیەکان و کۆمپانیا خۆماڵیەکان دەستی پێکرد.

بابەتێکی پەیوەندیدار