×

کۆنفڕانسێکی بازرگانی لە نێوان کۆمپانیا تورکیەکان و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان سازدەکرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2025/5/22، مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی حاجی ئیسماعیل سورچی و حاجی ئیبراهیم گەردی، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان کرد لە شاندێکی کۆمەڵەی هەناردەکارانی تورکیا لە سێکتەرەکانی کارەبا و ئەلیکترۆنیات.
لە دانیشتنێکدا کە هەریەك لە ئاکن ئاك، راوێژکاری بازرگانی لە کونسوڵگەری تورکیا لە هەولێر و بەڕێوبەری گشتی ژوور، راوێژکار و بەرپرسی بەشی رێکخراوەکان لە ژوور ئامادەبوون، گفتوگۆ لەسەر پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان کرا.
شاندی میوان رایانگەیاند، کۆمەڵەی هەناردەکارانی تورکیا، تێکڕای هەناردەی کاڵاکانی بۆ عێراق لە ساڵی رابردوو 17 ملیار دۆلار بووە، ئێمە چاومان لە پێشخستن و زیاترکردنی ئەم قەبارەیە، بۆ ئەم مەبەستەش بە نیازین بە هەماهەنگی لەگەڵ ژووری بازرگانی هەولێر، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، کۆنفڕانسێکی بازرگانی لە نێوان 16 کۆمپانیای تورکی، لە سێکتەرەکانی کارەبا و ئەلیکتڕۆنیات لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان سازبکەین.
لە لایەن خۆیەوە، مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگری سەرۆکی ژوور، دوای بەخێرهێنان، بە شێوەیەکی گشتی تیشکی خستە سەر کاروچالاکیەکانی ژوور و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە سازدانی ئەم کۆنفڕانسە، ئامادەیی ژووری نیشاندا بۆ هەموو هەماهەنگیەك.
هەروەها جەختی لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان کردەوە.

بابەتێکی پەیوەندیدار