×

کار دەکرێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان یۆنان و هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ یەکشەممە، 2025/5/18، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، بە ئامادەبوونی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان کرد لە دیمیتریس سکالکۆس، سکرتێری گشتی بۆ کاروباری ئابووری نێودەوڵەتی لە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی یۆنان و شاندی یاوەری کە پێکهاتبوون لە باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عێراق و کونسوڵی یۆنان لە هەولێر.
دوای بەخێرهێنان، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور، سەردانی شاندی میوانی بە بەڵگەیەکی بەهێز وەسف کرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان یۆنان و هەرێمی کوردستان، هیوای خواست شاندی میوان هاوکار بن لە راکێشانی وەبەرهێنەرانیان بۆ وەبەرهێنان کردن لە کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاری.
جێگری سەرۆکی ژوور لە وتەکەیدا، باسی لە ئاسانکاریەکانی یاسای وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی، وتیشی؛ بەهۆی ئەوەی عێراق بەگشتی وڵاتێکی بەکارهێنەرە، کۆمپانیا و بازرگانانی یۆنان دەتوانن سوود لە دەرفەتەکان ببینن و بەشداربن لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
هەر لەم دانیشتنە، جێگری سەرۆکی ژوور، بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندیەکان و ئاشنابوونی بازرگانان و وەبەرهێنەرانی یۆنان و هەرێمی کوردستان بە دەرفەتەکان، پێشنیاری سازکردنی کۆڕبەندێکی ئابووری کرد، هەروەها جەختی لە بەشداریکردنی کۆمپانیا یۆنانیەکان لە پێشانگا نێودەوڵەتیەکانی شاری هەولێر کردەوە.
دیمیتریس سکالکۆس، سکرتێری گشتی بۆ کاروباری ئابووری نێودەوڵەتی لە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی یۆنان، سوپاسی ئەم بەخێرهاتنە گەرمەی کرد، وتی؛ من کەشێکی زۆر ئارام و سەقامگیر لە کوردستان دەبینم، بۆیە تەواوی هەوڵی خۆم دەخەمە گەڕ بۆ سەرنج راکێشانی وەبەرهێنەرانی وڵاتەکەم بۆ وەبەرهێنان کردن لە هەرێمی کوردستان.
سکرتێری گشتی وتی؛ ئێمە خاڵی هاوبەشمان زۆرە، کە دەبنە هۆی پتەوکردنی پەیوەندیەکان، جەختیشی کردەوە کە لە داهاتوودا بە هاوبەشی کاری گرنگتر و باشتر ئەنجام دەدەین، وتیشی؛ هەوڵ دەدەم زۆرترین کۆمپانیای یۆنانی لە پێشانگای مانگی 11ی ئەمساڵ لە شاری هەولێر بەشداری بکەن.
هەر لەم دانیشتنە، گفتوگۆ لەسەر چەندین پێشنیار و تەوەری تایبەت بە پرسی پتەوکردنی پەیوەندیە ئابووریەکانی نێوان هەردوولا کرا.

بابەتێکی پەیوەندیدار