ئەمڕۆ چوارشەممە، 2025/5/14، بە ئامادەبوونی کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و ژمارەیەك لە بەرپرس و نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیدار بە بابەتی وۆرکشۆپەکە و نوێنەرانی کەرتی تایبەت، لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، وۆرکشۆپێك دەربارەی هۆکار و چارەسەری کێشەی زۆری کرێکارانی بیانی سەر شەقام لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
وتاری دەستپێکی وۆرکشۆپەکە لە لایەن کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور پێشکەشکرا، لە وتەکەیدا تیشکی خستە سەر دیاردەی زۆربوونی کرێکارانی بیانی و کاریگەری لەسەر لایەنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و یاسایی لە هەرێمی کوردستان لە هەمان کاتدا لەسەر بازاڕی کار، کەرتی خزمەتگوزاری و ئاسایشی کۆمەڵگا.
جێگری سەرۆکی ژوور، هیوای خواست کە ئەم وۆرکشۆپە ببێتە رێگا چارەیەك بۆ ئەم دیاردەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.
لە میانی بەڕێوەچوونی وۆرکشۆپەکە لە لایەن ئامادەبووانی پەیوەندیدار بەم بابەتە، راو سەرنجەکان خرانەروو، گفتوگۆ کرا لەسەر ئەم تەوەرانەی خوارەوە، بۆ ئامادەکردنی راسپاردەیەك:
- هۆکارەکانی زیادبوونی کرێکارانی بیانی لەسەر شەقامەکان.
- کاریگەرییەکانی ئەم دیاردەیە لەسەر ئابووری و هەلی کاری ناوخۆیی.
- ئاستەنگە یاسایی و کارگێڕییەکان.
- پێشنیارە پراکتیکییەکان بۆ رێکخستنی ئەم دیاردەیە.