×

لوتکەی پەرەپێدانی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ سێشەممە، 2025/5/13، بە ئامادەبوونی ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر، ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، سەرۆك و ئەندامانی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی تورکی - عێراقی (TISIAD)، سەرۆکی ژووری بازرگانی و ئەندامانی دهۆك، سلێمانی و کەرکوك و ژمارەیەك لە بازرگانان و خاوەنکارانی هەرێمی کوردستان و تورکیا لە سێکتەرە جیاوازەکان، لە هۆتێل دێدەمان لە شاری هەولێر، دیداری لوتکەی پەرەپێدانی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای ئەم دیدارە، لە لایەن بەرپرسانی ئامادەبوو، چەندین وتە پێشکەشکران، جەخت لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیە بازرگانی و ئابووریەکانی نێوان وڵاتی تورکیا و عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کرایەوە.
لە چوارچێوەی بەرنامەی بەرێوەچوونی دیدارەکە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی تورکی - عێراقی واژووکرا، کە ئامانج لێ ی ئاسانکاری زیاترە بۆ بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکانی هەردوولا.
لە دیدارەکەدا، مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگری سەرۆکی ژوور، لە میانی بەشداری کردن لە پانالێکدا، باسی لە کارو چالاکیەکان و ئامانجەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر کرد، هەروەها تیشکی خستە سەر بەهێزی پەیوەندیە ئابووری و بازرگانیەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و رۆڵی ژووری بازرگانی هەولێر لە پەرەپێدانی ئەم پەیوەندیە.
دوای خوانی نیوەڕۆ، بە ئامادەبوونی بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان، دیداری B2B بەڕێوەچوو.

بابەتێکی پەیوەندیدار