ئەمڕۆ دووشەممە، 2025/5/12، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، بە ئامادەبوونی حاجی ئیسماعیل سورچی، کامەران محەممەد ساڵح و حاجی ئیبراهیم گەردی، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و هێمن فاروق نانەکەلی، بەڕێوبەری گشتی ژوور، پێشوازیان کرد لە محەممەد سامی مەلا جەواد، سەرۆکی ژووری بازرگانی دیالە و شاندی یاوەری کە پێکهاتبوون لە جێگر و ئەندامانی ئەم ژوورە.
لە دانیشتنێکدا، باس لە کار و چالاکی هەردوو ژوور و چۆنیەتی رایی کردنی مامەڵەی هاوڵاتیان کرا، هەروەها جەخت لە هەماهەنگی زیاتری نێوان هەردوو ژووری بازرگانی هەولێر و دیالە کرا، لە پێناو پێشخستنی کەرتی بازرگانی و ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
هەر لەم دانیشتنە، شاندی میوان ستایشی کار و چالاکیەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریان کرد.