ئەمڕۆ چوارشەممە، 2025/5/7، بە سەرپەرشتی کەمال تشبر، پارێزگاری غازی عەنتاب، بە ئامادەبوونی مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و سالار سەڵاح خۆشناو، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و سەرۆك و بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی دهۆك و بە بەشداری بەرپرسانی وڵاتی تورکیا و ژمارەیەك لە بازرگانان، خاوەنکاران و کۆمپانیا، لە شاری غازی عەنتاب لە وڵاتی تورکیا، پێشانگای نێودەوڵەتی خۆراکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرایەوە و بۆ ماوەی 3 رۆژیش بەردەوام دەبێت.
بەشداربووان لە ژوور، دوای بەسەر کردنەوەی بەشەکانی پێشانگاکە، چەندین دیداریان ئەنجامدا، تیشکیان خستەسەر هاتنی کۆمپانیاکان بۆ هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری کردن لە پێشانگای نێودەوڵەتیەکانی شاری هەولێر و هانی بەشداربووانیان دا بۆ وەبەرهێنان کردن لەم سێکتەرە و هاتنە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.