×

کۆڕبەندێکی ئابووری لە وڵاتی ئیسپانیا سازدەکرێت

ئەمڕۆ دووشەممە، 2025/2/17، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، بە ئامادەبوونی ئیبراهیم محەممەد گەردی، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان کرد لە دارەوان حاجی حەمید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئیسپانیا.
لە دانیشتنێکدا، جێگری سەرۆکی ژوور، دوای بەخێرهێنان، هیوای خواست سەردانی جەنابیان بۆ ژووری بازرگانی دەرفەتێك بێت بۆ فراوان بوون و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان.
دارەوان حاجی حەمید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئیسپانیا وتی؛ تیمەکەمان لە ئیسپانیا لە ماوەی دەستبەکاربوونمان پەیوەندی زۆر باشمان دروست کردووە، هەوڵمانداوە لە زۆرێك لە بۆنە و پێشانگا نێودەوڵەتیەکانی ئەو وڵاتە، شاندی هەرێمی کوردستان بانگێشت بکەین و بەشداربن تیایدا.
دارەوان حاجی حەمید وتی؛ لە ماوەی داهاتوودا خشتەی پێشانگا نێودەوڵەتیەکان و بۆنە ئابووریەکانی وڵاتی ئیسپانیا بۆ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر دەنێرین، هەوڵ دەدەین بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە شاندی بازرگانی بەشداری بکەن.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا بە فەرمی داوەتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێری کرد بۆ بەشداربوون لە کۆڕبەندێکی ئابووری کە بڕیار وایە لە مانگی مایسی ئەمساڵ لە شاری مەدرید سازبکرێت.
دارەوان حاجی حەمید ئەوەشی خستەروو، کە وەکو تیمەکەیان لە ئیسپانیا هەوڵدەدەن پەیوەندی لە نێوان ژوورەکانی هەردوولا دروست بکەن بە ئامانجی فراوانکردنی پەیوەندیە ئابووریەکان.
لە لایەن خۆیەوە، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور، سوپاسی هەوڵەکانی کرد، وتی؛ ئێمە خوازیاری بەهێزکردنی پەیوەندین لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی کە ئەزموونیان هەیە لە سێکتەرە جیاوازەکان، بە ئامانجی سوود وەرگرتن لێ یان، وڵاتی ئیسپانیاش یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان بە تایبەت لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار، هیوای خواست لە رێگەی جەنابیانە بتوانین شاندێکی وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە بهێننە هەرێمی کوردستان ئێمەش وەکو ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ئامادەین بۆ هەماهەنگی و رێکخستنی دیداری بازرگانی.
جێگری سەرۆکی ژوور وتیشی؛ ئێمە لە رێگەی ژوورەوە بازرگانان و خاوەن کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی خۆمان ئاگادار دەکەینەوە بۆ بەشداریکردن لە پێشانگا نێودەوڵەتیەکان و بۆنە ئابووریەکان لە وڵاتی ئیسپانیا بە ئامانجی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەوان.

بابەتێکی پەیوەندیدار