سەرپەرشتیاری یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، کازم نامق ئەحمەد، بەڕێوبەری لقی هەرێمی کوردستانی بانکی ناوەندی عێراقی، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، ژمارەیەك لە بەڕێوبەرانی گشتی فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شارەزایان، نوێنەرانی بانکە تایبەتیەکانی هەرێمی کوردستان، خاوەن کارگە و کۆمپانیاکان، بە هاوبەشی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و کۆمەڵەی بانکە تایبەتیەکانی عێراق لە باڵاخانەی ژوور، وۆرکشۆپێك لەسەر پڕۆگرامی کاراکردنی بەشداری کەرتی بانکی لە گەشەپێدان بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکی وۆرکشۆپەکە، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد، باسی لە رۆڵی کەرتی بانکی لە پێشخستنی ئابووری کرد، هەروەها باسی لە فرەچەشنکردنی سەرچاوەی داهات کرد بەتایبەت گرنگیدان بە کەرتەکانی، کشتوکاڵی، گەشتیاری و پیشەسازی.
جێگری سەرۆکی ژوور سوپاسی بانکی ناوەندی کرد بۆ پشتگیری کردنی ئەو پڕۆژانەی کە وزەی خاوێن بەکاردێنن هەروەها سوپاسی گشت لایەنەکانی ئامادەبوو کرد لەم وۆرکشۆپە، هیوای خواست راسپاردەکانی ئەم وۆرکشۆپە رۆڵی کەرتی بانکی بەرز بکاتەوە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدان
پاشان ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، دەستخۆشی لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر کرد بۆ رێکخستنی ئەم وۆرکشۆپە، هیوای خواست بابەت و گفتوگۆکان خزمەت بە کەرتی ئابووری و بانکی بکات لە هەرێمی کوردستان.
پارێزگاری هەولێر لە وتەکەیدا تیشکی خستەسەر هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گرنگیدان بە کەرتی بانکی رایگەیاند، سەرەڕای چەندین گرفت و ئاستەنگ، بەڵام حکومەتی هەرێم توانیویەتی هەنگاوی زۆرباش لەم بوارەدا بنێت هەروەها تێکەڵاوکردنی کەرتی گشتی و تایبەت و هەمەچەشنکردنی داهات بنەمای کارەکانی بووە.
لە وۆرکشۆپەکەدا، چەندین پرس و بابەت دەربارەی رێنماییەکانی کەرتی بانکی عێراقی و پلانەکانی، پلان و ئاراستەکردنەکانی بانکی ناوەندی عێراقی بۆ کاراکردنی چالاکی کەرتی بانکی، رۆڵی کەرتی بانکی لە گەشەپێدانی بەردەوام، ئاڵنگاریەکانی کەرتی بانکی و پێشنیارەکانی، رۆڵی بازاڕی دارایی و بە داراییکردنی پڕۆژە گەورەکان و پڕۆۆەکانی وزەی نوێبۆوە، بۆ ئامادەبووان خرانە بەر باس گفتوگۆ، لە رێگەی نمایشکردنی پرێزنتەیشن و وتارەوە.
هەر لەم وۆرکشۆپە بابەتی سوودمەندبوونی کارگەکانی هەرێمی کوردستان لە قەرزەکانی بانکی ناوەندی عێراقی و حکومەتی عێراقی گەنگەشەی لەسەر کرا، خاوەن کارگەکان هیوایان خواست هاوشێوەی شارەکانی تری عێراق سوودمەند لە گشت ئیمتیازاتەکان، هەروەها بەرنامەی بانکی ناوەندی بۆ پشتگیری کردن و پارەدارکردنی ئەو پڕۆژانە کرا کە بۆ دەستکەوتنی کارەبا وزەی نوێبووەوە بەکاردێنن.
شایانی باسە دوای کۆتایی هاتنی وۆرکشۆپەکە، گفتوگۆکان و بابەتەکان و راسپاردەکان پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت بۆ کارکردن لەسەری.