لە درێژەی سەردانەکەی شاندی حکومی و بازرگانانی هەرێمی کوردستان و بەشداریکردنیان لە کۆڕبەندی ئابووری نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان لە شاری رۆما، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 2025/2/12، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لاوەند مەموندی، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی و نوێنەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و ژمارەیەك لە بازرگانان و خاوەن کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان، سەردانی باڵیۆزخانەی وڵاتی عێراقیان کرد لە شاری رۆما، لە لایەن باڵیۆز سەیوان بارزانی بە گەرمی پێشوازیان لێکرا.
سەیوان بارزانی، باڵیۆزی عێراق لە ئیتاڵیا، دوای بەخێرهێنان، باسی لە کار و چالاکی باڵیۆزخانەکەی کرد بۆیان، پاڵپشتی و هەماهەنگی باڵیۆزخانە بەگشتی و پاشکۆی بازرگانی ئەم باڵیۆزخانەیەی بۆ بازرگانان، خاوەن کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، لە ئاسانکاری کردن بۆیان لە هەموو روویەکەوە.
شایانی باسە باڵیۆزی ڤاتیکان لەم سەردانەی شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەبوو.