لە میانی بەڕێوەچوونی دووەم رۆژی کۆڕبەندی ئابووری نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 2025/2/12، لە بارەگای کۆنفیدڕاڵی گشتی پیشەسازی ئیتاڵیا (کۆنفیندستریا)، بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لاوەند مەموندی، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی و نوێنەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، سەرۆکی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە، ماڕکۆ فیلیساتی، بەڕێوبەری کاروباری نێودەوڵەتی کۆنفیندستریا، رێزان قادر ئاغا، نوێنەری باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، ماوڕۆ باتوچی، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا و ژمارەیەکی بەرچاو لە خاوەن کۆمپانیا، بازرگانان و وەبەرهێنەرانی ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان، دیدارێکی بازرگانی بەڕێوەچوو.
لە میانی بەڕێوەچوونی ئەم دیدارە، چەندین وتار دەربارەی پتەوکردن و بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری لە نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان پێشکەشکران.
هەروەها شاندی هەرێمی کوردستان باسیان لە فراوانی بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، بۆ وەبەرهێنەران و کۆمپانیا ئیتاڵیەکان، هیوایان خواست بە شێوەیەکی کارا بەشداربن لەو بازاڕە.