بەسەرپەرشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، وۆرکشۆپێك دەربارەی بازرگانی ئەلیکترۆنی سازکرا
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2024/12/18، بەسەرپەرشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر - بەشی لێکۆڵینەوە و کاروباری ڕێکخراوەکان، لە باڵاخانەی ژوور، وۆرکشۆپێك دەربارەی بازرگانی ئەلیکترۆنی سازکرا.
لەم وۆرکشۆپە زیاتر لە 20 بەشداربوو لە پیشەی جیاواز ئامادەبوون لە لایەن پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. سەڵاحەددین ئەحمەد، راوێژکار لە ژوور پێشکەشکرا، تێیدا بە شێوەیەکی گشتی باسی لە سەرهەڵدان و پێشکەوتنی ئەم بازرگانیە کرا لە هەرێمی کوردستان و جیهان، گرنگترین ئەو خاڵانەی پەیوەست بەم بازرگانیە خرانەروو، بەشداربووانیش بە تێبینی و پرسیارەکانیان وۆرکشۆپەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.
دوای تەواوبوونی وۆرکشۆپەکە، هەریەك لە گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژوور سەردانی ئامادەبووانیان کرد، لە وتەکیشدا سەرۆکی ژوور، پشتگیری خۆی و ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێری بۆ کردنەوەی خولی جۆراوجۆر بە ئامانجی خزمەتکردن بە گشت چینەکان بێ جیاوازی کردەوە، ئامادەیی و هەماهەنگی ژووری نیشاندا بۆ کارکردن لەگەڵ هەر لایەنێك لە کردنەوەی خولی راهێنان و ئەنجامدانی وۆرکشۆپ و سیمینار.
پاشان لە لایەن سەرۆك، جێگران و پێشکەشکاری وۆرکشۆپەکە، بڕوانامەی بەشداربوون بەسەر ئامادەبووان دابەشکرا.