رۆژی 6/2/2024 گەیلان حاجی سەعید سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی جێگرانی سەرۆکی ژوور و بەشێك لە ئەندامان پێشوازیان کرد لە شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە سەرۆکایەتی پ. د. ئیدریس محەممەد تاهیر سەرۆکی زانکۆ و بەشێك لە مامۆستایانی ئەم زانکۆیە.
لە سەرەتای دیدارەکە شاندی میوان پیرۆزباییان لە ئەنجومەن کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستن، لە دیدارەکەدا تیشك خرایە سەر بەهێزترکردنی ئەو یادداشتەی کە لە ماوەی رابردوو لە نێوان ژوور و زانکۆی ناوبراو واژووکراوە، هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێداچوونەوەی پەیوەندییەکان بە مەبەستی هەماهەنگی زیاتر و کارکردنی هاوبەش.
سەرۆکی ژوور لە دیدارەکە پشتگیری لە کردنەوەی خولی راهێنان بە هاوبەشی و چوونە ناو بازاڕی کار و شارەزا و ئەزموون پەیداکردن بۆ دەرچووان کرد، هەروەها پشتگیری لە پڕۆژە و توێژینەوەی قوتابیان کرد و دوپاتی لە پێکەوە کارکردن کردەوە لە پێناو دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووان.