رۆژی 4/2/2024 گەیلان حاجی سەعید سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی جێگرانی سەرۆکی ژوور و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور پێشوازیان کرد لە شاندێکی ئەنجومەنی کاری عێراقی - بەریتانی (IBBC) کە پێکهاتبوون لە کریستۆڤ سەرۆکی شاندی میوان، د. عەلی جەواد بوڕهان و موهەنەد الخطيب.
سەرۆکی شاندی میوان پیرۆزبایی لە ئەنجومەن کرد هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
لە دیدارێکدا شاندی میوان باسی لە کارو چالاکیەکانی رێکخراوەکەی کرد و رایگەیاند پێشتر لە سێکتەرەکانی پەروەردە وخوێندنی باڵا کاریان کردوە لە ئێستادا هەردوو سێکتەری کشتوکاڵ و وەبەرهێنانیشیان خستۆتە بەرنامی کارەکانیانەوە.
شاندی میوان بانگهێشتی ژووری کرد بۆ بەشداریکردن لە پێشانگایەکی نێودەوڵەتی کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە لەندەن ساز دەکرێت و لەمیانەیدا دیداری بازرگانی و ئابووری جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت.
هەر لە دیدارەکەدا شاندی میوان باسی لە هێنانی چەند وەبەرهێنەرێك کرد بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ سەرمایەگوزاری، بۆ قسەکردنی زیاتر لە بەرنامەکانی داهاتووی ڕێکخراوەکە وا بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو سەرۆکی رێکخراوی کاری عێراقی - بەریتانی سەردانی شاری هەولێر بکات و لەگەڵ ئەنجوومەنی ژووریش دیدار بکات.
شایانی باسە ئەنجومەنی کاری عێراقی - بەریتانی (IBBC) هەماهەنگیەکی باشی هەیە لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، ژوور یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئەم ئەنجومەنە کە رۆلێکی گرنگی هەبووە لە ئاڵوگۆڕی شاندە بازرگانیەکان لە نێوان عێراق و بەریتانیا و لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق.