لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر
دووەمین کۆڕبەندی وزەی پاك بەڕێوەچوو
لە ژێر ناونیشانی (پێکەوە بەرەو داهاتوویەکی پاك و بەردەوام، بە پشت بەستن بە وزە پاکەکان)، ئەمڕۆ سێشەممە، 2025/1/21، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژوور، ژمارەیەك لە بەڕێوبەرە گشتیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرۆك و مامۆستایانی زانکۆ و نوێنەری بانکی ناوەندی عێراق، خاوەن کۆمپانیا و پیشەوەرانی پسپۆڕ لە بواری وزەی پاك، لە چوارچێوەی پڕۆژەی بانکی ناوەندی عێراق کە پاڵپشتی دارایی پڕۆژەکانی پشت بەستن بە وزەی پاك دەکات، بە سەرپەرشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی (پێکەوە بۆ پاراستنی مرۆڤ و ژینگە) و چەند دامەزراوەیەکی تری عێراقی تایبەتمەند بەم بوارە، دووەمین کۆڕبەندی وزەی پاك لە باڵاخانەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بەڕێوەچوو.
ئامانج لە سازدانی ئەم کۆڕبەندە، ئەنجامدانی کاری هاوبەشە لە پێناو هاندانی کارگە، پڕۆژەکان و کۆمپانیاکان و هاوڵاتیان بۆ بەکارهێنانی وزەی خاوێنی بەردەوام، کە دۆستی ژینگە و تەندروستی مرۆڤن.
لە دەستپێکی کۆڕبەندەکە، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، وتاری بەخێرهێنانی پێشکەشکرد، لە وتارەکەی دا باسی لە گۆڕانکاری گشت وڵاتان کرد لە رووبەرووبوونەوەی گۆڕانکاریە ژینگەییەکان لەم پێناوەشدا پەنا بۆ بەکارهێنانی وزەی پاك دەبەن.
سەرۆکی ژوور وتی، ئەم کۆڕبەندە سەکۆیەکی گرنگە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا و ئەزمون و بیرۆکەکان، بۆ بەرزکردنەوەی بەکارهێنانی وزەی خاوێن و گەیشتن بە ئامانجەکە. هەروەها ئەم کۆڕبەندە دەرفەتێکە بۆ داهێنان و هاوکاری نێوان حکومەت و کەرتی تایبەت لە هەوڵدانیان بۆ چارەسەرکردنێکی کاریگەر بۆ پاراستنی هەسارەکەمان و نەوەکانی داهاتوو.
گەیلان حاجی سەعید، لە درێژەی وتەکەیدا داوای لە زانکۆکان و دەزگا زانستییەکان کرد کە هاوکاربن بە توێژینەوەکان و لێکۆڵینەوەکانیانتایبەت لە بواری کەمکردنەوەی دەرچوە گازە زیانبەخشەکان کە دەبنە هۆی پیسبوونی کەش و هەوا، هیواشی خواست کە ئەم کۆڕبەندە ببێتە هۆی دەستپێشخەری کاریگەر لە پێشخستنی گۆڕانکاری لە بەکارهێنانی وزەی خاوێن و بانکی ناوەندی عێراقیش کارئاسانی تەواو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم بکات لە پێدانی ئەم پاڵپشتیە داراییە هاوشێوەی شارەکانی تری عێراق.
لە کۆتایی وتەکەیدا، سەرۆکی ژوور، سوپاسی ئامادەبووانی کرد هیوای کۆڕبەندێکی بەرهەمدار و بنیاتنەر و سوودبەخشی خواست.
پاشان ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، وتارێکی پێشکەش کرد، دەستخۆشی لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بۆ رێکخستنی ئەم کۆڕبەندە، راسپاردەکانی ئەم کۆڕبەندەی بە بەرچاوروونی و هاوکاریکردنی حکومەت بۆ هەنگاونان بەرەو بەکارهێنانی وزەی خاوێن وەسفکرد.
پارێزگاری هەولێر وتی؛ وزەی پاك و گۆڕانکاری کەش و هەوا بابەتێکی زۆر گرنگە هەموو جیهان پلانیان هەیە بۆ رووبەرووبوونەوە و سوود وەرگرتن لە وزەی پاك.
پارێزگاری هەولێر وتی جێگای خۆشحاڵیە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە کە هەنگاوەکانی سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر بۆ دابینکردنی کارەبا جێبەجێبکرێت، وەکو یەکەم هەنگاویش لە گشت فەرمانگەکانی حکومەتەوە دەستپێدەکات.
پارێزگاری هەولێر هیوای خواست کە بانکی ناوەندی عێراق هاوشێوەی شارەکانی تری عێراق بودجەی بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان تەرخان بکات کە لە دواجار خزمەتە بۆ گشت مرۆڤایەتی.
دواتر چەندین پرێزنتەیشن و سیمینار لە لایەن ورێکخەرانی کۆڕبەندەکە و بانکی ناوەندی عێراقی بەشێك لە دەزگای پەیوەندیدار بەم بابەتە پێشکەشکران، کە ئامانج لێ یان هۆشیارکردنەوە بوو لە مەترسی گۆڕانکاریە ژینگەییەکان و سوودی بەکارهێنانی وزەی پاك و هەروەها خستنەرووی رێکارەکانی بانکی ناوەندی عێراقی لە پاڵپشتی کردنی پڕۆژەکان لە بەکارهێنانی وزەی خاوێن.
لە کۆتایی کۆڕبەندەکە، گفتوگۆیەکی کراوە لە نێوان حکومەت، کەرتی تایبەت، زانکۆکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ هاوبەشی کردنی نێوانیان بە ئامادەبوونی نوێنەرەکان بەڕێوەچوو، ئامادەبووانیش بە پرسیار و بیروبۆچوونەکانیان کۆڕبەندەکەیان زیاتر دەوڵەمەند تر کرد.