ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، پێشوازی لە باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2025/1/12، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژوور و بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی پێشوازیان کرد لە کریستۆڤەر بیم، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق و شاندی یاوەری کە پێکهاتبوو لە پاشکۆی بازرگانی لە باڵیۆزخانەی ناوبراو.
دوای بەخێرهێنان، لە دانیشتنێکدا، تیشك خرایە سەر پتەوکردن و فراوانکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان وڵاتی کەنەدا و هەرێمی کوردستان.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوور رایگەیاند: وڵاتی کەنەدا بۆ ئێمە گرنگە بەشداربێت لە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری و بەشداری کردنی وەبەرهێنەرانی کەنەدی لە وەبەرهێنانی گشت سێکتەرەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی ژوور وتی: ئاگاداربوون لە چالاکیە ئابووریەکان و بەشداریکردن بە شاندی بازرگانی نێوان هەردوولا، زۆر گرنگە لە پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندیە ئابووریەکان.
سەرۆکی ژوور داوای لە شاندی میوان کرد، کە رۆڵیان هەبێت لە راکێشانی سەرنجی کۆمپانیاکانیان بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەت شاری هەولێر کە وەك سەنتەرێکی بازرگانی بۆ هەموو عێراق سەیر دەکرێت، هیواشی خواست لە داهاتوودا بتوانن شاندێکی گەورەی بازرگانی وڵاتی کەنەدا رێکبخەن بۆ سەردانی کردنی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی دیداری ئابووری.
شاندی میوان سوپاسی ژووریان کرد بۆ ئەم پێشوازیە، کریستۆڤەر بیم باڵیۆزی کەنەدا وتی: هاتووین دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بقۆزینەوە لە هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: ئەوان وەکو باڵیۆزخانە نوێنەری کۆمپانیا کەنەدیەکانن، بەرهەمەکانیان دەخەینە ناو بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر دەتوانن لە رێگەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێرەوە پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیا کەنەدیەکان ببەستن.
باڵیۆز وتیشی: ئێمە کار لەسەر وەبەرهێنانی دوولایەنە دەکەین، هەم وەبەرهێنەرانی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و هەمیش وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی کەنەدا وەبەرهێنان بکەن.
هەر لەم کۆبوونەوەیە باس لە ئاسانکاری کردن بۆ بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان کرا لە دابینکردنی ڤیزا لە کاتی گەشتکردنیان بۆ وڵاتی کەنەدا بۆ بەشداریکردن لە بۆنە ئابووریەکان و پێشانگا نێودەوڵەتیەکانی ئەو وڵاتە، هەروەها بابەتی رێگریکردن لە کاڵا و بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق خرایە بەرباس.