×

یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و سەرۆکی ئەنجومەنی بەرەو پێشبردنی بازرگانی هیندستان واژووکرا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2024/12/12، بە ئامادەبوونی گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، مادان گۆپاڵ، کونسوڵی گشتی وڵاتی هیندستان لە هەولێر، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژوور، سەید هێمن سەید موڕاد، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەولێر و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و موهیت سینگڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی بەرەو پێشبردنی بازرگانی هیندستان، کۆبوونەوەیەك سازکرا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوور، وتاری بەخێرهێنانی پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا تیشکی خستەسەر پەیوەندیە ئابووری و بازرگانیەکانی نێوان وڵاتی هیندستان و هەرێمی کوردستان.
رایگەیاند: کە پەیوەندی هەرێمی کوردستان لە گەل وڵاتی هیندستان دێرینە و هەردەم ئاواتەخوازین ئەم پەیوەندییانە بەرەو پێش بچێت لە هەموو بوارەکان.
سەرۆکی ژوور وتی؛ هیندستان یەکێکە لەو وڵاتانەی هاوردەکاری سەرەکی نەوتە لە عێراق و بە هەمان شێوەش عێراق هاوردەکارێکی بەرچاوی بەرهەمەکانی هیندستانە.
وتیشی؛ ئێمە ئومێدمانە واژووکردنی ئەم یاداشتنامەی ئەمڕۆ هاندەرێکی باش بێت بۆ بەرەو پێشبردنی پرۆسەی بازرگانی نێوانمان و هەموو بوارەکان بگرێتەوە لە بەرژەوەندی هەردولامان.هەروەها ئومێدمانە کۆمپانیا هیندییەکان لە کوردستان وەبەر هێنان بکەن لە ژێر سایەی ئەو یاسای وەبەرهێنانەی کە لە کوردستان بەرکارە و ئاسانکاری زۆری تیادایە بۆ وەبەرهێنەران تا دەگاتە ئەو ئاستەی وەبەرهێنەری بیانی وەک وەبەرهێنەری خۆماڵی هەژمار دەکات بە هەموو ئیمتیازاتەکانەوە.
بازاڕی کوردستان پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە لە هەموو بوارەکان و بازاڕەکەشی لەخۆ گرە و فراوانە، پیرۆزبایی واژوو کردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە دەکەم و لێرەدا رۆڵی کونسوڵی گشتی کۆماری هیندستان بەرز دەنرخێنم کە هاوکار و ئاسانکار بوە بۆ رێکخستنی ئەم یاداشتنامە.
پاشان مادان گۆپاڵ، کونسوڵی گشتی هیندستان لە هەولێر، وتی؛ پەیوەندیە بازرگانی و ئابووریەکانی نێوان هیندستان و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆرباش دایە، ژووری بازرگانی هەولێریش زۆر هەماهەنگ و هاوکارمانە، کۆمپانیاکانی وڵاتەکەشمان لێرە زۆر دڵخۆشن و بە دڵنیاییەوە بە واژووکردنی ئەم یاداشتنامەیە، پەیوەندیەکان بەرەو ئاستێکی بەرزتر دەچن.
هەر لەم کۆبوونەوەیە، سەید هێمن سەید موڕاد، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەولێر، وتەیەکی پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا، باسی لە ئەزموونی وڵاتی هیندستان کرد لە سێکتەری کشتوکاڵ، هیوای خواست لەو سێکتەرەش هیندستان هاوکار و هەماهەنگی کوردستان بێت بەتایبەت کە ساڵانێکە وشکەساڵی رووی لە ناوچەکە کردووە.
موهیت سینگڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی بەرەو پێشبردنی بازرگانی هیندستان، وتی؛ هیوادارین بتوانین گۆڕانکاری گەورە دروست بکەین لە دوای واژووکردنی ئەم یاداشتە.
سەرۆکی ئەم ئەنجومەنە وتی؛ هیندستان لەم ساڵانەی دواییدا بوەتە یەکێك لە وڵاتە سەرەکیەکانی ئابووری لە جیهان لە رووی کوالێتی و نرخەوە کێبڕکێ دەکات.
وتیشی؛ ئێمە گرنگی بە گشت سێکتەرەکان دەدەین، هانی کۆمپانیاکانی خۆشمان دەدەین زیاتر روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.
دوای کۆبوونەوەکە، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و سەرۆکی ئەنجومەنی بەرەو پێشبردنی بازرگانی هیندستان واژووکرا و پاشان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەڕێوەچوو.