ئەمڕۆ چوارشەممە، 2025/4/30، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی حاجی ئیسماعیل سورچی، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان لە شاندێکی وڵاتی تایلاند کرد بە سەرۆکایەتيی دوسیت ماناپان ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە.
لە دیدارێکدا کە سوپارك پرۆنگسورە، باڵیۆزی شانشینی تایلاند لە ئوردن و عێراق ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیە بازرگانی و ئابووریەکانی نێوان تایلاند و هەرێمی کوردستان کرا، هەروەها ئامادەبووان لە ژووری بازرگانی هەولێر گرنگترین ئەو سێکتەرانەیان بۆ شاندی میوان باسکرد، کە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان پێویستی پێ یەتی بۆ وەبەرهێنان کرد تیایدا، هیواشیان خواست هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ هاندانی کۆمپانیاکانیان بۆ هەرێمی کوردستان.
لە بەرامبەردا شاندی میوان جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان کردەوە، ئامادەیی کۆمپانیاکانیان دەربڕی لە چوونە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.