رێککه‌وتی 15/4/2013 له‌باره‌گه‌ی ژوور، یاداشتنامه‌یه‌کی لێکگه‌یشتنی بازرگانی له‌نێوان یه‌کێتی ژووره‌کانی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێمی کوردستان و ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی لاتیڤیا واژۆ کرا.
له‌مه‌راسیمه‌که‌دا، که به‌ڕێزان دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی یه‌کێتی ژووره‌کانی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێمی کوردستان و ژماره‌یه‌ک له‌ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژوور ئاماده‌بوون، رێککه‌وتننامه‌که له‌لایه‌ن به‌ڕێزان باقی محه‌مه‌د هادی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی کارگێڕی یه‌کێتی ژووره‌کانی بازرگانی و، ئێدگارز زالانس ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی کارگێڕی ژووری بازرگانی لاتیڤیا واژۆکرا.
به‌ر له‌واژۆکردنه‌که‌ش به‌ڕێز دارا خه‌یات له‌وته‌یه‌کیدا هیوای خواست که واژۆکردنی ئه‌م یاداشتنامه‌یه ببێته ده‌ستپێکی قۆناغێکی گه‌شه‌سه‌ندوو له‌په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌کانی نێوان هه‌ردوولادا.
هه‌روه‌ها وتی:"لاتیڤیا که ده‌وڵه‌تێکی ئه‌وروپییه، خاوه‌ن مێژوویه‌کی به‌هاداره و ئێستاش ته‌کنه‌لۆجیای پێشکه‌وتوو له‌به‌ر ده‌ستی کۆمپانیاکانیاندایه، بۆیه ئه‌م رێککه‌وتننامه‌یه ده‌رفه‌تی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌زایی و پێشکهوتننانهی ئه‌و وڵاته بۆ هه‌رێم ده‌ڕه‌خسێنێت، هاوکات زه‌مینه خۆش ده‌کات بۆ به‌یه‌کگه‌یشتنی خاوه‌نکارانی هه‌ردوولا و ناساندنیان به‌یه‌کتر."
لای خۆیه‌وه، به‌ڕێز ئێدگارز زالانس سوپاسگوزاری خۆی له‌به‌رامبه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسیمی واژۆکردنه‌که ده‌ربڕی و، وتی:"خۆشحاڵێن که ده‌رفه‌تی هاتنمان بۆ کوردستان ره‌خسا، بۆیه هیوادارین که هه‌نگاوی کرده‌نی به‌دوای ئه‌م رێککه‌وتننامه‌یه‌دا بێت، هه‌روه‌ها خاوه‌نکارانی هه‌ردوولا روو له‌یه‌کتری بکه‌ن."
راشیگه‌یاند، که بڕیاره له‌مانگی ئه‌یلوولی داهاتوودا شاندێکی گه‌وره‌ی بازرگانی لاتیڤیا سه‌ردانی کوردستان بکه‌ن و چه‌ندین کۆبوونه‌وه و دیداری گرنگ له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانی ئابووری هه‌رێمدا ئه‌نجام بده‌ن.
جێی ئاماژه‌یه، یاداشتنامه بازرگانیه‌که‌ی نێوان کوردستان و لاتیڤیا چه‌ندین خاڵی گرنگی له‌خۆگرتووه، له‌وانیش گه‌شه‌سه‌ندن و هاندانی په‌یوه‌ندییه بازرگانی و وه‌به‌رهێنه‌ره‌کان، ئاسانکاری بۆ چالاکییه‌کانی بازرگانانی هه‌ردوولا، گۆڕینه‌وه‌ی توانا و شاره‌زاییه‌کان و زانیارییه‌کان، پشکداری و به‌شداری له‌رووداوه ئابوورییه‌کان و، هه‌روه‌ها چه‌ند لایه‌نێکی دیکه‌ش ده‌گرێته‌وه.