رێککه‌وتی29/8/2012، به‌ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی یه‌کێتی ژووره‌کانی باز‌رگانی و پیشه‌سازی هه‌رێمی کوردستان و ژماره‌یه‌ک له‌ئه‌ندامانی ده‌سه‌ته‌ی کارگێڕی ژووری باز‌رگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر و نوێنه‌ری ژماره‌یه‌ک له‌وه‌زاره‌ته‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم، سیمنیارێک له‌باره‌ی ئاماده‌کاری و دانووستانه‌کانی عێراق به‌مه‌به‌ستی به‌ئه‌ندامبوونی له‌رێکخراوی باز‌رگانی جیهانی له‌لایه‌ن به‌ڕێزان خاتوو سۆلاڤه سه‌میر به‌ڕێوه‌به‌ری هۆبه‌ی که‌رتی تایبه‌ت و خاتوو سه‌وسه‌ن مه‌حمود به‌ڕێوه‌به‌ری هۆبه‌ی باز‌رگانی و کاڵاکان له‌وه‌زاره‌تی باز‌رگانی عێراقی فیدراڵ له‌هۆڵی کۆبوونه‌وه‌کانی ژوور به‌ڕێوه‌چوو. له‌سه‌ره‌تای سیمنیاره‌که‌دا، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات به‌گه‌رمی به‌خێرهێنانی کۆڕگێڕان و میوانانی کرد و هیوای خواست که ئه‌م سیمیناره‌یان ببێته هۆکارێک بۆ زیاتر لێتێگه‌یشتنی لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌کان به‌بابه‌ته‌کانی چۆنێتی به‌ئه‌ندامبوونی عێراق له‌رێکخراوی باز‌رگانی جیهانی‌دا و وتی:"تاکو ئێستا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته زۆر هه‌وڵدراوه و ساڵانێکه له‌م پێناوه‌دا دانووستان له‌نێوان لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌کانی عێراق و به‌رپرسانی ئه‌و رێکخراوه‌دا ئه‌نجام دراوه، بۆ نموونه‌ش حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لیژنه‌یه‌کی تایبه‌تمه‌ندی دروستکردووه و له‌کاردایه." زیاتر روونیکرده‌وه و وتی:"ئێمه هیوادارین که نێوماڵی باز‌رگانی عێراقی به‌داڕشتنی یاسای نوێ و رێنمایی تازه و پێداچوونه‌وه و هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسا کۆنه‌کان له‌بواره‌کانی باز‌رگانی و پیشه‌سازی یه‌ک بکرێت و رێک بخرێته‌وه". پاشان خاتوو سۆلاڤه سه‌میر له‌پێشه‌کییه‌کی به‌رنامه‌ی سیمیناره‌که‌یاندا، وێڕای ئاڕاسته‌کردنی سوپاسگوزاری خۆیان و وه‌زاره‌تی باز‌رگانی عێراق له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م جۆره کارانه‌ی ژووری باز‌رگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێردا، ئاماژه‌ی به‌هه‌ماهه‌نگی و هاوکاری نێوان هه‌ردوو حکومه‌تی به‌غدا و هه‌رێم کرد، به‌مه‌به‌ستی به‌دیهاتنی ئه‌و ئامانجه هاوبه‌شه که ئه‌ویش هه‌وڵدانیانه له‌پێناو چوونه پاڵی عێراق بۆ رێکخراوی باز‌رگانی جیهانی. هه‌روه‌ها روونیکرده‌وه و وتی:"ئه‌م جۆره سیمینار‌انه به‌مه‌به‌ستی هۆشیار‌کردنه‌وه‌یه له‌باره‌ی هه‌وڵ و کاره‌کان و زانینی سوود و زیانه‌کانی چوونه پاڵی عێراق بۆ ریكخراوه‌که، هه‌روه‌ها دواهه‌مین کاریشمان نابێت و بۆ پارێزگایه‌کانی دیکه‌ی هه‌رێمی ده‌گوازینه‌وه". هه‌روه‌ها وتی:"هه‌ولێر زۆر هه‌وڵی بۆ پێشخستنی که‌رتی ئابووری عێراق داوه و رۆڵێکی زۆر چالاک ده‌بینێت". دواتر به‌ڕێز خاتوو سه‌وسه‌ن مه‌حمود له‌رێی داتاشۆوه، قۆناخه‌کانی پێکهێنانی رێکخراوی باز‌رگانی جیهانی و چۆنێتی به‌ئه‌ندامبوونی وڵاتان و ژماره‌یان له‌و رێکخراوه‌دا روون کرده‌وه. هه‌روه‌ها به‌تایبه‌تتر، مێژووی دانووستانه‌کانی نێوان عێراق و رێکخراوی باز‌رگانی باسکرد، که له‌یه‌که‌م کۆنفڕانس و کۆنگره‌دا عێراق به‌شداری کردووه، به‌ڵام دواتر کشاوه‌ته‌وه، له‌پاش ساڵی 2004یش هه‌وڵه‌کان بۆ گه‌ڕانه‌وه و به‌ئه‌ندامبوونی عێراق له‌و رێکخراوه‌دا و له‌لایه‌ن پسۆڕان و به‌رپرسانی شاره‌زای عێراقی به‌گه‌ڕخراونه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ک پاش ئه‌وه‌ی عێراق داواکاری خۆی پێشکه‌ش ده‌کات، به‌سیفه‌تی چاو‌دێر له‌لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ندامه‌وه په‌سه‌ند ده‌کرێت. جێ ئاماژه‌یه، بیرۆکه‌ی دروستبوونی رێکخراوی باز‌رگانی جیهانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پاش کۆتایهاتنی جه‌نگی جیهانی دووه‌م و بۆ ساڵی 1944، رێکخراوه‌که ده‌زگه‌یه‌که به‌پێی بنه‌ما یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و له‌ئاستی باڵادا کاری باز‌رگانی له‌نێوان وڵاتانی ئه‌ندام رێکده‌خات، هه‌روه‌ها مینبه‌رێکه بۆ ئازادکردنی کاروباره‌کانی باز‌رگانی له کۆت و به‌نده‌کان و کێشه بازرگانییه‌کانی نێوان وڵاتان یه‌کلایی ده‌کاته‌وه، تاکو ئێستاش 157 وڵات له‌م ده‌زگه جیهانیییه‌دا ئه‌ندامن، زۆربه‌یان پاش ساڵانێکی زۆری دانووستاندن توانیویانه ئه‌ندامێتی خۆیان له‌و رێکخراوه‌دا به‌ده‌ست بێنن.