ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

لە کوردستان بەرنامە بۆ هەناردەکردنى هەنار و هەنگوین دادەنرێت :

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ چوار شەممە, 25 تشرینی دووەم 2009 00:00
بە مەبەستى یەکخستنى تواناکان بۆ هەناردە کردنى هەنار و هەنگوین لە کوردستان ئەمڕۆ لیژنەى پشتگیرى هەناردەکردنى بەرهەم کە پێک هاتبوو لە دکتۆر ئەنوەر ئەحمەد ڕاوێژکارى ئابوورى سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێم ، بەڕێز تۆم هاردى ڕاوێژکارى پێشخستنى تواناکان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و دکتۆر موئەیەد قۆجە سەرۆکى کۆنتڕۆلى جۆرى هەرێمى کوردستان ، دارا جەلیل خەیات سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى هەولێر لە گەڵ ژمارەیەک لە هەنگەوان و خاوەن ڕەزو باغى هەنار لە پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و دهۆک کۆبونەوە . دواى مەبەستى ئەم کۆبوونەوەیە لە یەکخستنى تواناى هەناردەکردنى بەرهەم لە ڕێگەى دامەزراندنى کۆمپانیایەکى هاوبەشدا چڕ کرایەوە تەئکید لەسەر هەوڵدان بۆ دیاریکردنى ئاستى بەرهەمهێنانى هەنگوین و هەنار لە کوردستان کرایەوە ، ئەمەش لە ئاکامى ئەوە دێت کە هەرێمى کوردستان دواى بەشداریکردنى بەو دوو بەرهەمە لە پێشانگاى بەریتانیاى ئەم ساڵ کە لە لایەن ئەوانەى سەردانى پیشانگایان کردبوو پەسەند کرا و زۆر لایەن ئامادەیی خۆیان بۆ هاوردەکردنى دەربڕیوە لە بەر باشى جۆرى ئەو بەرهەمانەى کوردستان . لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گەلێک لایەن کرا بۆ خۆش کردنى زەمینەى هێنانە دى ئەم ئامانجە و پشتگیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پرۆسەى هەناردەکردنى ئەو دوو بەرهەمە ڕوون کرایەوە لەلایەکى تریش ئامادەبووان هەریەک بە جیا ئاستەنگ و گرفتەکانى بەرهەمهێنانى بەرهەمەکانیان خستە ڕوو بەمەبەستى ئەوەى ڕێگە چارە بۆ چارەسەرکردنیان بدۆزرێتەوە .
ئه‌م بابه‌ته‌ 1247 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌