ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

دیدارێك لە نێوان كارسازانی كوردستانی باكوور و باشوور سازكرا

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ دوو شەممە, 19 کانونی دووەم 2015 08:37
بە مەبەستی پتەوكردنی پەیوەندییەكان و ناردنی وەبەرهێنەرانی، رۆژی 15/1/2015 شاندێكی كۆمەڵەی كارسازانی تورك سەردانی ژووریان كردو لە لایەن دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور پێشوازییان لێكرا.
لە دیدارێكدا كە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور و جێگر و ئەندامانی ئەم كۆمەڵەیە ئامادەی بوون باس لە هەل و چۆنیەتی كاركردن و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان كرا و هەردوولا تەئكیدیان لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان و زیاتر هەماهەنگی هەردوولا دووپات كرایەوە.
سەرۆكی ژووریش پاڵپشتی خۆیی و ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێری بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك دەربڕی.
ئێوارەی هەمان رۆژیش بە ئامادەبوونی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و جەمیل هەركی سەرۆكی كۆمەڵەی كارسازانی تورك و فەردا جەمیل جێگری كۆمەڵە و سەرۆكی كۆمەڵەی كارسازانی خانمانی كوردستان و زیاتر لە 105 كارساز لە باكووری كوردستان و ژمارەیەك لە بازرگانان و كارسازانی هەرێمی كوردستان، بۆ زیاتر یەكتر ناسین و پتەوكردنی پەیوەندییەكانیان لە هۆتێل دیڤان لە شاری هەولێر دیدارێك لە نێوان كارسازانی باكوور و باشووری كوردستان بەڕێوەچوو.
لە دەستپێكی دیدارەكەدا رێناس هەركی سەرۆكی كۆمەڵەی كارسازانی تورك ووتەیەكی پێشكەش كرد و ووتی ئامانجی ئێمە لەم دیدارە پتەوكردنی پەیوەندیەكانە لە گەڵ كارسازانی باشووری كوردستان و ئەمەش دەبێتە دەستپێكێك بۆ یەكترناسین.
پاشان فەردا جەمیل جێگری هەمان كۆمەڵە و سەرۆكی كۆمەڵەی كارسازانی خانمانی كوردستان ووتی: بەهۆی ئەمنیەت و سەقامگیری، كوردستان بووەتە جێگایەك بەبێ هیچ ترسێك دەتوانیت كار و وەبەرهێنان بكەین ئەم رۆژەشی بە رۆژێكی مێژوویی لە قەڵەمدا و ووتیشی كارسازانی خانمان و پیاوان پێكەوە كاردەكەن لەسەر خاكی كوردستان.
دواتر نەوزاد هادی لە ووتەیەكدا گرنگی ئەم دیدارەی خستە روو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە هاتنی ئەم گرووپە لە باكوور و رایگەیاند كە ئەوان دەتوانن لەگەڵ كارسازانی ئێرە پێكەوە میكانیزمێك دابرێژن بۆ كاركردن، ووتیشی جێگەی شانازی ئێمەیە كە بتوانن لێرە كاربكەن و جێ ی پەنجەیان دیاربێت لە ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان.
دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور رایگەیاند كە حكومەت و دام و دەزگاكانی حكومەت زۆر بە ئەكتیڤیانە كاریان لەسەر ئەوە كردووە كە خەڵكی كوردستانی باكوور سوود لە هەل و ئیش و كارەكانی هەرێمی كوردستان وەرگرن هیوای بەردەوامبوونی پەیوەندییەكانیش دەخوازین.
جێگەی ئاماژە پێكردنە كە كۆمەڵەی كارسازانی تورك لە ساڵی 2014 لە شاری هەولێر بە سەرۆكایەتی رێناس هەركی و فەردا جەمیل دامەزرا.
 
ئه‌م بابه‌ته‌ 1438 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ دواین نوێكردنه‌وه‌ دوو شەممە, 19 کانونی دووەم 2015 09:15