رێککه‌وتی 18/2/2013، له‌دوو چاوپێکه‌وتنی جیادا که له‌گه‌ڵ که‌ناڵی ده‌نگوباسی ئاسیا (GLTV)ی بازرگانی هۆڵه‌ندی و ده‌زگه‌ی چاپ وبڵاوکردنه‌وه‌ی جیهانی (هارڤارد بزنس رێڤیو) له‌باره‌گه‌ی ژوور، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر، ره‌وشی ئابووری هه‌رێمی کوردستانی به‌گشتی خسته‌روو.
له‌میانه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌یدا، له‌گه‌ڵ که‌ناڵی ده‌نگوباسی ئاسایا (GLTV)ی بازرگانی هۆڵه‌ندی که‌باره‌گه‌که‌ی له‌وڵاتی سه‌نگافۆرا‌یه، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژوور وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی رۆژنامه‌وانی میوان، له‌میانه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌کان‌دا به‌گشتی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که ژووری بازرگانی به‌ئه‌رکێکی گرنگی خۆی ده‌زا‌نێت که هانی کۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی بدات تاکو له‌کوردستاندا ده‌ست به‌کارکردن بکه‌ن، چونکه ئێستا له‌کوردستاندا بازرگانانی ناوخۆیی و بیانیش به‌و په‌ڕی ئازادییه‌وه کاره‌کانی خۆیان راده‌په‌ڕێنن و هیچ کۆسپێک له‌به‌رده‌میاندا نییه، وه‌به‌رهێنه‌ری بیانیش به‌چه‌شنی وه‌به‌رهێنه‌ری ناوخۆیی کارئاسانیان بۆ کراوه.
پاشان به‌ڕێزیان ئاماده‌یی ده‌ربڕی له‌سه‌ر داخوازی په‌یامنێری که‌ناڵی ناوبراو، که له‌داهاتوویه‌کی نزیکدا چاوپێکه‌وتنێکی ته‌له‌فزیۆنی له‌گه‌ڵ که‌ناڵی (GLTV)دا سازبکات.
هه‌ر له‌و چاوپێکه‌وتنه‌یدا، به‌ڕێز سه‌رۆکی ژوور وتی:"وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت که له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی داهاتوودا، کوردستان له‌بواری ئابوورییه‌وه ببێته پێشکه‌وتوترین شوێن له‌ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
له‌میانه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی چاوپێکه‌وتنی دووه‌میدا که‌له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌ی چاپ وبڵاوکردنه‌وه‌ی جیهانی (هارڤارد بزنس رێڤیو) سازیکرد، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژوور، باسی له‌رۆڵی ژووری بازرگانی کرد له‌په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه دوو قۆڵییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و وڵاتانی جیهاندا و ئه‌و کاره‌شی به‌ئامانجی سه‌ره‌کی ژوور وه‌سف کرد.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژوور وتی:"ژووری بازرگانی داینه‌مۆی به‌کارخستنی بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌رانه له‌کوردستاندا، چونکه ئه‌م ژووره رۆڵی ئه‌کتیڤ ده‌بینێت له‌کۆکردنه‌وه‌یاندا.