تۆ لێرەیت: ErbilChamberمەرجی بە ئەندامبووننوسینگه‌ی خانووبه‌ره‌بابه‌ت فلته‌ر كراوه‌ به‌پێی به‌روار: سێ شەممە, 20 شوبات 2018
رۆژی 19/2/2018 بە ئامادەبوونی د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، د. كاوە عەبدولكەریم شێروانی سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، ژمارەیەك لە ئەندامانی لێژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان، د. كاوە عەبدولكەریم خۆشناو راگری كۆلێژی كشتوكاڵ لە زانكۆی سەڵاحەددین و نەقیبی سەندیكای ئەندازیارانی كشتوكاڵ لقی هەولێر، د. عەفان عوسمان حوسێن راگری پەیمانگای تەكنیكی خەبات و ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی و حزبی لە هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی وەزارەتی كشتوكاڵ و یەكێتیی جوتیاران بە سەرپەرشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و بەهاوكاری زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر وۆركشۆپێك لە ژێر ناوی بەربەستەكانی بەردەم پێشڤەچوونی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر سازكرا.
وتەی دەستپێكی وۆركشۆپ بە وتاری وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستی پێكرد كە لەلایەن د. كاوە عەبدولكەریم شێروانی سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر خوێنرایەوە.
لە وتەكەیدا باسی لە گرنگترین ئەو لەمپەر و بەربەستانە كرد كە دەبنە رێگر لە بەردەم گەشەسەندنی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان، وتی چەندین كۆنفڕانس و دانیشتن كراوە بۆ پێشخستنی ئەم كەرتە لە سەنتەری لێكۆڵینەوە لە ساڵی 2008 گرنگترین ئەو بەربەستانەمان دیاری كرد كە بونەتە رێگر لەبەردەم پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ بەڵام بە داخەوە بەشێكی زۆری ئەم بەربەستانە وەكو خۆی ماوەتەوە بگرە مێشەی تریشی هاتۆتە سەر.
هەر لەم وتارە شێروانی گرنگترین كێشە و گرفتەكانی لە چەند خاڵێك كورت كردەوە وەكو نەبوونی داتایەكی باوەڕ پێكراو لەسەر چالاكی و پرۆژە پیشەسازییەكان، نەبوونی سیاسەتی حكومەتی هەرێم بۆ پەرەپێدانی بەروبوومە كشتوكاڵیەكان، گرنگی نەدان بە سەرچاوە مرۆییەكان و نەكردنەوەی خولی راهێنان بۆ جوتیاران، نەبوونی تاقیگەیەكی پێشكەوتوو بۆ پشكنینی بەروبووم و زەوییە كشتوكاڵیەكان و گرنگی نەدان بە دەرچووانی بەشە كشتوكاڵیەكان ئەمانە گرنگترین هۆكارن كە بوونەتە رێگر لەبەردەم گەشەسەندنی كەرتی كشتوكاڵی لە هەرێم.
د. كاوە لە كۆتایی وتەكەیدا هیوای خواست كە ئەم وۆركشۆپە ببێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی كۆتایی بە لەمپەر و بەربەستەكانی بەردەم كەرتی كشتوكاڵی بهێنێت هەموو لایەك هاوكاربین بۆ پێشخستنی ئەم كەرتە.
دواتر وتاری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر وەكو رێكخەری ئەم وۆركشۆپە لە لایەن د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور پێشكەشكرا، ئەمەش دەقەكەیەتی:
بەڕێزان ئەم كاتەتان باش 
بە ناوی خۆم و جێگران و ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بەخێرهاتنیێكی گەرمی هەموو ئامادەبووان دەكەم لەم وۆركشۆپە گرنگە لە ژێر ناوی ( بەربەستەكانی بەردەم پێشڤەچوونی كشتوكاڵ لە كوردستان ) ئەنجام دەدرێت  بە هاوكاری دەزگایەكی زانستی و ئەكادیمی بە ناوبانگی كوردستان ئەویش زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێرە.
بەرێزان
تەنها هەڵبژاردنی ناوی وۆركشۆپەكە لەم كاتە ناسكەی كە ئابووری كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت ی زۆر مانا بەخشە ، چونكە دەركەوت هەر ئابووریەك ئەگەر یەك لە بنەما سەرەكیەكانی پشت بە كشتوكاڵ نەبەستیێت زەحمەتە خۆڕاگر بێت بەرامبەر كاریگەریەكانی بازاڕ ، چونكە ئەو داراییەی لە كشتوكاڵ خەرج دەكرێت و وەدەست دێت هەمووی لە ناو وڵات دەخولێتەوەو هیچی ناچێتە دەرەوە بەمەش رێگر دەبێت لە بردنە دەرەوەی دراوی گرانبەها سەرەڕای فەراهەمكردنی هەلی كار.
بەڕێزان :
تا ئێستا ئابووری كوردستان پشتی بەستبوو بە داهاتی ناردنە دەرەوەی نەوت و ئەنجامە كارەساتبارەكەش بە دیار كەوت ، بۆیە پێویستە سوود لە ئەزموونی رابوردوو وەربگرین و گرنگی تەواو بە كشتوكاڵ بدرێت ، هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی لە شێوازە تەقلیدیەكەی بگۆردرێت بۆ شێوازی كشتوكاڵی پشت بەستوو بە تۆژینەوەی زانستی ، توانای ئەكادیمیەكان، بەكارهێنانی ئامێر وتەكنەلۆجیای نوێ ، بەبازاڕ كردنی بەرهەمی كشتوكاڵی وەك ئەوەی لە وڵاتانی پیشكەوتوو پەیڕەو دەكرێت ، بەرهەمی كشتوكاڵیمان بە هەردوو جۆر رووەكی و ئاژەڵی لە زۆرینەی وەرزەكان هەبێت بە پشت بەستن بە كۆگای ساردكراو و بەستەڵەك .
بەڕێزان 
لە 13/3/2017 بە هاوكاری پرۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان UNDP  و بە یارمەتی دارایی حكومەتی ئەڵمانیا ژوورەكەمان هەڵسا بە سازدانی كۆڕبەندی ئابووری لە ژێر ناوی ( رۆڵی كەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی ئابووری خۆماڵی  ) مەبەست لەم كۆڕبەندە كۆكردنەوەی هەموو ئەكتەرەكانی پەرەپێدانی ئابووری كوردستان بوو كە پێك هاتبوون لە كەرتی تایبەت ، كەرتی گشتی ، رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و رێكخراوە ناحكومیە خۆماڵیەكان ، ئەوە بوو لە ئەنجامدا بە نەخشە رێگایەك لەم كۆڕبەندە دەرچووین ، كرۆكی ئەم نەخشە رێگایەش خۆی لە دوو خاڵدا بەرجەستە بووە ئەوانیش :
بۆ ئەوەی ئابووریەكی جێگیرمان هەبێت دەبێت  بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی  یەك لە بنەما سەرەكیەكانی  بێت جێگرەوەی نەوت تا ئاستێكی بەرچاو هەر كشتوكاڵە، ئاسانكاری بۆ كەرتی تایبەتی بكرێت و یارمەتی بدرێت بۆ ئەوەی سەركردایەتی پەرەپێدانی ئابووری بكات لە ژێر رۆشنایی كۆمەڵێك یاساو رێكاری حكومی كە لە گەل قۆناغی نوێمان بگونجێت . بەو هیوایەی ئەم نەخشە رێگایە جێگای شایستەی خۆی پێبدرێت لە بنیاتنانەوەی ئابووریمان .
لە بەر گرنگی بابەتی بەرهەمی كشتوكاڵی لە ئابووریمان یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لە دانیشتنی ژمارە ( ٤٦) و بەرواری  ٢/٨ / ٢٠١٧ بڕیاری دا بەشی كشتوكاڵی لە هەموو ژوورەكانی هەرێم  بكرێتەوە و بۆ ئەم مەبەستە لە ژوورەكان كارمەندی پسپۆرو بە توانامان بۆ دابینكردوون و دەستیان بەكار كردوە بە مەبەستی گرنگیدان بە كشتوكاڵ بە هاوكاری لایەنە پەیوەندارە حكومەتی و زانكۆكان
بەڕێزان
زۆر پێویستە پلانێكی كشتوكاڵی نیشتمانیمان هەبێت بە مەبەستی خود دابینكاری بۆ هەرێمی كوردستان و لە هەمان كاتدا ئامانجی سەرەكیمان لەم پلانە ناردنە دەرەوەی بەشێك لە بەرهەمەكانمان بێت چونكە لە دێر زەمانەوە كوردستان بە سەبەتەی خۆراك ناسراوە ، ئەم پلانە پێویستە دەستەیەكی پسپۆران لە كەرتی گشتی و تایبەت سەرپەرشتی بكەن و بە كارە هەرە لە پێشینەكانی حكومەت هەژمار بكرێت . 
بەڕێزان : 
ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر هەردەم ئامادەیە بۆ هەماهەنگی لە گەل لایەنە پەیوەندارەكان بە مەبەستی بتەوكردنی ئابووری هەرێمی كوردستان و دەبێت لە قۆناغی داهاتوومان كشتوكاڵ جێگەی شایستەی خۆی پێبدرێت .  بۆ زانین سازدانی ئەم وركشۆپە یەكێكە لە بەرهەمەكانی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر و ژوورەكەمان
دووبارە بەخێر هاتنتان دەكەم و هیوادارم لایەنە پەیوەندارەكان راسپاردەكانی ئەم وركشۆپە بخەنە ناو پلانی گەشەپێكردنی ئابووری هەرێمی كوردستان .
سوپاستان دەكەم
پاشان د. ئەنوەر ئەحمەد راوێژكار  لە یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی هەرێم وەكو قسەكەری سەرەكی وۆركشۆپ وتارێكی دەربارەی روانگەی حكومەت بۆ كشتوكاڵ بۆ ئامادەبووان پێشكەش كرد.
لە وتەكەیدا باسی زیادبوونی دانیشتوانی گۆی زەوی كرد كە ساڵانە 82 ملیۆن كەس زیاد دەبێت كە ئەمەش وا دەكات جیهان پێویستی بە بەرهەمهێنانی زیاتری بەروبوومی كشتوكاڵی بێت بۆیە لە وڵاتان كشتوكاڵ بۆتە ئاسیاشی  خۆراك.
وتیشی سەدەی 21 بەهۆی زۆری كێشە ژینگەیی و گۆڕانی سروشت بەرزبوونەوەی چڕی دانیشتوان بۆ نزیكەی 10 ملیار كەس وا دەكات كێشەی گەورە دروست ببێت بۆ بەرهەمهێنانی بەروبووم.
لە رابردوودا عێراق ساڵانە بڕی 5 ملیار دۆلاری بۆ كڕینی كەل و پەلە خۆراكیەكان بوو لە دەرەوە لە ئێستادا ئەم رێژەیە بۆ 20 ملیار دۆلاری ساڵانە بەرزبۆتەوە ئەمەش وا دەكات عێراق دەبێتە دووەم وڵات لە پاش وڵاتی سودان وەكو سەبەتەی خۆراك و دەكاتە %30 بودجەی عێراق، ئەمەش لە كاتێكدایە كە وڵاتی عێراق كۆنترین شارستانیەتی هەیە لە جیهان 10 هەزار ساڵ پێش ئێستا جوتیاریان كردووە وەك لە جەرمۆ و 11 هەزار ساڵ شوان بونە وەك لە ناوچەی زاگرۆس.
د. ئەنوەر لە وتەكەیدا جەختی لەسەر نەبوونی پلانی حكومەت بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان كردەوە، لە كاتێكدا كە تەنها كەرتی كشتوكاڵ كێشەی ئابووری و بەتاڵە چارەسەر دەكات، بۆیە پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی هەبێت بۆ ئەمكەرتە هاوشێوەی دامەزراوەی عەسكەری و ئابووری.
پاشان دەست كرا بە پێشكەشكردنی 5 سیمیناری یەك لەدوای یەك كە تایبەت بوون بە گرنگترین ئەو كێشە و بەربەستانەی كە دێنە پێش كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان.
سیمیناری یەكەم لە لایەن د. عەفان عوسمان حوسێن راگری پەیمانگای تەكنیكی خەبات لەسەر كێشەی وەرگرتنی قوتابیان پێشكەشكرا.
د. عەفان لە سمینارەكەیدا باسی لە كێشەی وەرگرتنی قوتابیان لە ئامادەیی، پەیمانگا و كۆلێژە كشتوكاڵیەكانی كرد، جگە لە ئارەزوو نەكردنی قوتابیان بۆ خوێندن لەم كەرتە بەهۆی نەبوونی هەلی كار و دانەمەزراندنیان لە دوای تەواوكردنی خوێندنیان.
لە هەمان كات دا راگری پەیمانگا جیاوازی رێژەی وەرگرتن و بردنی پاڵپشتی لە خوێندنە كشتوكاڵیەكان لە ساڵانی رابردوو و ئێستادا بۆ ئامادەبووان خستە روو دەركەوت كە جیاوازییەكی زۆری هەیە و بە رێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە بە ئاستێك كە هەندێ بەش كەمتر لە 5 قوتابی وەرگیراون.
د. غازی فایق حاجی نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ بە ناونیشانی گرفتەكانی بەرهەم هێنان و هاوردە و هەناردە سیمیناری دووەمی بۆ ئامادەبووان پێشكەش كرد.
باسی لە گرنگترین گرفتە سەرەكیەكانی بەهەم هێنانی كرد لە هەرێمی كوردستان هەروەها بە رێژە باسی لە بەروبوومە كشتوكاڵە هەناردە و هاوردەكانی كرد كە بە روونی دەردەكەوت كە هەرێمی كوردستان جگە لە چەند بەرهەمێكی كشتوكاڵی زۆر كەم گشت پێداویستیەكانی تری لە دەرەوە هاوردە دەكات.
سیمیناری سێ یەم لە لایەن م. فیدائەددین گەردی ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور لەسەر پلانی ژووری بازرگانی هەولێر بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان پێشكەشكرد.
لە سەرەتای سیمینارەكەیدا باسی رۆڵی كەرتی كشتوكاڵ لە پێشخستنی ئابووری و دابینكردنی هەلی كار و بەدەستهێنانی دراوی گرانبەهای كرد.
هەروەها باسی لە هەوڵەكانی ژوور كرد بۆ پێشخستنی ئەم كەرتە بە ئەنجامدانی سمینار و كۆڕ و كۆبوونەوە، كاركردن لەگەڵ رێكخراوە كشتوكاڵیەكان، ئاڕاستەكردنی نوسراو بۆ لایەنی پەیوەندیدار و كردنەوەی ئەم بەشە لە ژوور.
ئەندامی ئەنجومەنی ژوور پلانی ژووری بازرگانی هەولێری بۆ پێشخستنی ئەم كەرتە بۆ ئامادەبووان لە چەند خاڵێك كورت كردەوە:
• كۆكردنەوەی داتا و زانیاری مۆڵەتدان بە پرۆژە كشتوكاڵیەكان
• دەستنیشانكردنی گرفتەكان و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنیان
• هەوڵدان بۆ دابینكردنی پاراستن وپارێزبەندی بۆ بەرهەمە خۆماڵیەكان ئەمەش بە یاسا رێكبخرێت چونكە ئەمە بنەڕەتیە بۆ پەرەپێدان و داهێنان لە بواری كشتوكاڵی
• هەماهەنگی لە گەل لایەنە پەیوەندارەكان بۆ لابردنی لەمپەر لە بەردەم
    دامەزراندنی پرۆژەی كشتوكاڵی
• بەشداریكردن لە رووداوە ئابووریەكان
• جەختكردن لە سوود وەرگرتن لە توانای ئەكادیمیەكان
 
د. كاوە عەبدولكەریم خۆشناو راگری كۆلێژی كشتوكاڵ لە زانكۆی سەڵاحەددین و نەقیبی سەندیكای ئەندازیارانی كشتوكاڵی هەولێر سیمیناری چوارەمی لە ژێر ناونیشانی رەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچووە بەشە كشتوكاڵیەكان پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.
لە سیمینارەكەیدا پێشەكیەكی لەسەر مێژووی دەوڵەمەندی وڵاتەكەمان لە كەرتی كشتوكاڵی پێشكەش كرد لە هەمان كات دا پشتگیری و پلانی سەندیكای بۆ دەرچووانی بەشە كشتوكاڵیەكان خستە روو، هیوای خواست كە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار پەرە بەم سێكتەرە بدات و هەلی كار بۆ دەرچووان بڕەخسێنێت.
پێنجەم سیمینار و كۆتایی لە لایەن نەوزاد محەممەد عەلی نوێنەری یەكێتیی جوتیاران لەسەر كێشەو گرفتەكانی جوتیاران پێشكەش كرد.
لە سیمینارەكەیدا ئەو بەربەست و كێشانەی كە دێنە بەردەم جوتیاران باس كرد هیوای خواست كە پەرە بە بەشی رێنمونی كشتوكاڵی بدرێت لە هەرێمی كوردستان.
شایانی باسە ماوەی نێوان هەر سیمینارێك كات تەرخان كرابوو بۆ ئامادەبووان تاوەكو بە پێشنیار و گفتوگۆ و رەخنەكانیان زیاتر وۆركشۆپەكە دەوڵەند بكەن.
لە كۆتایی دا بەشداربووان و ئامادەبووانی وۆركشۆپەكە راسپاردەیەكیان ئامادەكرد كە چەندین خاڵی گرنگی لەخۆ گرتبوو بۆ چارەسەركردنی ئەم كەرتە پێشكەش بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
 

 

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ

بڵاوکراوه‌کان

ڕۆژنامه‌ی بازرگانی سه‌رده‌م

ڕێبه‌ری ژوور

هه‌واڵی چاوه‌ڕوانكراو

سعر الصرف

به‌های گۆرینه‌وه‌ی دیناری عیراقی به‌ دولاری ئه‌مری...

«
»
« March 2024 »
Mon Tue Wed Thu Fri Sat Sun
        1 2 3
4 5 6 7 8 9 10
11 12 13 14 15 16 17
18 19 20 21 22 23 24
25 26 27 28 29 30 31

نرخی دراو

نرخی دراو

کەشوهەوای هه‌ولێر

ئاگاداری

Copyright © 2012 Erbil Chamber. All Rights Reserved. سه‌ره‌وه‌ ↑